عەفرین سەربەرزە و ناکەوێ

عەفرین سەربەرزە و ناکەوێ

عەفرین دوای ٢٣ ڕۆژ بەرخۆدان بەرامبەر سەربازانى تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانى لە سوپاى سوریاى ئازاد، لەسەر پێى خۆى وەستاوە. شەڕ و پێکدادانەکانى عەفرین لە نێوان شەڕڤانان و سوپاى تورکیا بەردەوامە و لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ژمارەیەک لە گوندەکانى عەفرین ڕوبەڕووى بۆردومانى ئاسمانى سەخت بوونەوە .

 

لە ڕاگەیەنراوێکى هێزەکانى سوریاى دیمۆکرات  "هەسەدە " کە ڕۆژى یەک شەممە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە کراوە : شەڕڤانان لە چەند ناوچەیەک ڕوبەروى سوپاى تورکیا و هێزە چەکدارەکانى سەربە سوپاى سوریاى ئازاد و چەندین گروپى دیکەى سەربە تورکیا بوونەتەوە و فڕۆکەکانى تورکیاش بەردەوام چەند گوندێکى عەفرین بۆردومان دەکەن. لەلایەکى ترەوە میدیاکانى نزیک لە پەیەدە باس لەوە دەکەن ڕۆژى یەک شەممە شەڕڤانان کۆپتەرێکى تریان لە گوندى شێخورزێى شارۆچکەى بلبلێى سەربە عەفرین خستووەتە خوارەوە، بەڵام تاکو ئێستا سوپاى تورکیا هیچ لێدوانێکى لەوبارەیەوە نەداوە.

 

هەروەها :  ئاماژەى بەوە کردووە، هێزەکانیان لە نزیک شارۆچکەى شیە ئۆتۆمبیلێکى گولە نەبڕیان تێکشکاندوە و دوو سەربازى تورکیاى تێدا کوژراوە، لە گوندى حاج بیلال شەڕڤانان تانکێکى دیکەى تورکیایان تێکشکاندوە کە ئەویش چوار سەربازى تێدا کوژراون. ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئێوارەى ڕۆژى شەممەوە تا ئێستا گوندەکانى قودێ، حاج جمال، موساكا، كۆڕى، بليلكا و هەردوو شارۆچکەى ڕاجۆى و شیە ڕوبەڕووى بۆردومانى ئاسمانى سەختى فڕۆکە جەنگیەکانى تورکیا بوونەتەوە، ئەوەش دواى ئەوە دێت کە شەڕڤانان کۆپتەرێکى سەربازى تورکیایان خستەخوارەوە.

 

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە، گوندەکانى بافلون، دیرسوانى ئێزیدى بوونەتە ئامانجى بۆردومانى هەڕەمەکى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا و پێکدادانى سەختیش لە نێوان شەڕڤانان و سوپاى تورکیا ڕوویداوە، لە ئاکامدا پێنج سەرباز کوژراون، بەوەش ژمارەى سەربازە کوژراوەکانى تورکیا تەنیا لە ڕۆژى یەک شەممەدا گەیشتووەتە ١١ سەرباز

 

 

میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان باس لەوە دەکەن لە ناوچەى جندریس، گوندەکانى دیر بلووت، قرمتڵق، حاج بیلال ڕوبەڕووى بۆردومانى گران بوونەتەوە وهەروەها  پێکدادان لە نێوان شەڕڤانان و گروپە چەکدارەکانى سوپاى سوریاى ئازاد ڕوویداوە  کە  بەوهۆیەوە ٢١ چەکدار کوژراون.