image


پەیامی کورد … بەرپرسێكی داعش كە بەشداربووە لە رفاندنی ئافرەتانی ئێزدی دەستگیركرا

 

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق دەستگیركردنی بەرپرسێكی داعشی راگەیاند، كە دەستی لە رفاندنی كچان و ئافرەتانی ئێزدیدا هەبووە.

 

بەپێی راگەیەنراوێكی شانەی ئەمنی عێراق، "تیمەكانی هۆبەی هەواڵگریی سەربازی لە فیرقەی ١٥ بە هەماهەنگی لەگەڵ فەوجی یەكەمی لیوای ٧١ی پیادە لە بۆسەیەكدا دوو بەرپرسی دیاری داعشیان لە ناوچەی جلباراتی سەر بە ناحیەی رەبیعە لە پارێزگای نەینەوا دەستگیركرد، لەو كاتەی سنووری سووریایان بەرەو خاكی عێراق بەزاند".

 

 راشیگەیاندوە: "یەكێك لەو دەستگیركراوانە بەرپرسی بۆمبڕێژكردن و دابەشكردنی هاوكاری بوو لە بەعاج، ئەوەی دیكەش بەرپرسی هێزی هەڵكەوتانەسەر بوو، كە پێشتر لە رفاندنی ئافرەتە ئێزدییەكان بەشدار بوو".

چەكدارانی داعش لە سێی ئابی ٢٠١٤ هێرشیان كردە سەر شەنگال و زیاتر لە شەش هەزار كەسیان رفاند و تائێستا نزیكەی نیوەیان ئازادكراون و چارەنوسی ئەوانی تر نادیارە.