image


پەیامی کورد … سبەی سەرۆکی نوێی دەستەی مافەکانی مرۆڤ هەڵدەبژێردرێت

 

 

بڕیارە رۆژی سێشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جگه‌ له‌ ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكی نوێی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ چه‌ند پڕۆژه‌یاسایه‌كیش تاوتوێ ده‌كرێن.

 

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەڕاگەیاندراوێكدا رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە ١٨ ئایار پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و یەكێك لەتەوەرەكان دەنگدان لەسەر پاڵاوتنی (مونا یوخەنا یاقو) بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان.

 

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە لەو دانیشتنەدا خوێندنەوە بۆ  شەش پڕۆژە یاسا دەكرێت، له‌وانه‌ (پڕۆژەیاسای بەركاركردنی یاسای رەسمی پولی عێراقی  و  پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت.

 

هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ ده‌كرێت بۆ پڕۆژەیاساكانی بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو، پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان، پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان و پڕۆژەیاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانی عێراقی ژمارە (30).