بەندکراوێکی کورد لە ئورمیە لەسێدارە درا

بەندکراوێکی کورد لە ئورمیە لەسێدارە درا

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی ئورمیە بە ناوی حەسەن موحەرێر لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کرا و هاوکات چوار بەندکراوی دیکە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکیان گواستراونەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (٧ی مەی ٢٠٢٤) سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی ئورمیە بە ناوی حەسەن موحەرێر خەڵکی گوندی (لەرنی) سەر بە ناوچەی تەرگەوەری ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە لە چەند ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەر و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

لە لایەکی دیکەوە، هەنگاو زانیویەتی ڕۆژی ڕابردوو لانی کەم ٤ بەندکراوی دیکە کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی دەریای ئورمیە گواستراونەتەوە.