دەروازەی پەروێزخان لە پلەی یەکەمدایە بۆ هەناردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە

دەروازەی پەروێزخان لە پلەی یەکەمدایە بۆ هەناردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتى کوردستان رایگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا دەروازەی پەروێزخان زۆرترین جموجوڵی بازرگانی و هەناردەکردنی بۆ عێراق هەبووە، بڕی کولەپەلی هاوردەکراو بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئێرانەوە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 600 هەزار تۆن.

ئاژانسی میهری ئێرانی لە زاری عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشانەوە بڵاویکردووەتەوە، زۆرترین رێژەی هەناردەی دەرەکی بەرەو عێراق لە ئێرانەوە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە گومرگی پەروێزخان، لە پارێزگای کرماشانەوە بووە.

بەگوێرەى ئەو ئامارەی گومرگی ئێران پێشکەشیکردووە، ئاماژە بەوەشکراوە، بڕی هەناردەکردن لە رێگەی ئێرانەوە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 600 هەزار تۆن، بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پێشوو، بە رێژەی 47% زیادیکردووە.

بەگوتەی عەباسزادە، لە هەمان مانگدا لە دەروازەی پەروێزخانەوە 486 هەزار تۆن کاڵا هەناردەکراوە، ئەمەش زۆرترین بڕە کە لەو دەروازە نێودەوڵەتییەوە هەناردەکرابێت بە بەراورد بە دەروازەکانی دیکەی ئێران.

پاش ئەو دەوازەیەش، دەروازەی شەهید رەجائی دێت، بە بڕی 377 هەزار تۆن کاڵا و دەروازەی باشماخیش لە پلەی سێیەمدایە بە بڕی 203 هەزار تۆن کاڵای هەناردەکراو.