سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری کارەبای فیدراڵ دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری کارەبای فیدراڵ دەکات
پەیامی کورد    ...   سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری کارەبای فیدراڵ دەکات

پێنجشەممە 5/2 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای فیدراڵ کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کار و پرۆژە و چاکسازییەکانی کەرتی کارەبا و پێویستی بەردەوامبوونی هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا کرا.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە هێرشە تیرۆریستییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرد و دووپاتی کردەوە کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، زیانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق هەیە و پێویستە کۆتایی بەو پەلامارانە بهێندرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاریکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەربڕی لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی وزە، کە پێویستە ئەنجامدانی هەر کار و پرۆژەیەکیش تەنیا لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.

وەزیری کارەبای عێراق، ستایشی هاوئاهەنگی و پەیوەندی باشی نێوان هەردوو وەزارەتی فیدراڵ و هەرێمی کرد، بە ئاراستەی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان کە ئامانجی هاوبەشی هەردوولایە.