سەرۆکی حکوومەت شوێنی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر بەسەرکردەوە

سەرۆکی حکوومەت شوێنی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر بەسەرکردەوە
پەیامی کورد    ...   سەرۆکی حکوومەت شوێنی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر بەسەرکردەوە

پاش نیوەڕۆی دووشەممە 5/6 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بازاڕی قەیسەری هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی بەسەرکردەوە.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتیشی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە ڕێنماییەکان یان دەستێکی خراپکاری لە پشتە.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها داواشی لە دوکانداران و کاسبکار و هاووڵاتییان بەگشتی کرد کە ڕێکارەکانی سەلامەتی جێبەجی بکەن بۆ ئەوەی چیتر ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە دووبارە نەبنەوە.

ووتیشی بەپێی توانا، هاوکاری هەموو زیان لێکەوتووانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر دەکەین و یارمەتییان دەدەین. ڕوونیشیکردەوە کە ئەم بازاڕە، شوێنەوارێکی مێژووییە و هەوڵ دەدەین بە ڕاوێژ و هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان نۆژەنی بکەینەوە.