ئەیلوولی 2020 کوردان و کوردستان

رێکەوتی 16ی ئەیلوولی 2020 میدیای کوردی بڵاویکردەوە کە خانەوادەیەکی کورد لە بەغداد بە شێوەیەکی وەحشیگەرانە کوژران. دارا رەئوفی باوک، خاتوو عەلیە رەشیدی دایک، کچەکەیان شیلان دارا لەلایەن تیرۆرستانی حەشدی شەعبی کە بە نهێنی چووبوونە نێو ماڵەکەیان، بە چەقۆ لێیاندرا و کوژران. بڵاوکراوەتەوە کە دایک و باوکەکە خانەنشینن و کچەکەیان لە کۆلێژی پزیشکی قوتابییە. باس لەوە دەکرێت کە شیلان دارا بەشداریی لە خۆپێشاندانەکانی بەغداد کردووە و خانەوادەکەشی هاوکاریی ماددیی خۆپێشاندەرانیان کردووە. دایک و باوکی شیلان دوای 40 ساڵ خزمەت لە دەوڵەتدا خانەنشین کراون. 

رۆژی دووەم، راگەیەنرا کە یەکێک لەو کەسانەی کۆمەڵکوژییەکەیان کردووە دەستگیرکراوە. دیارە ئەوانەی کۆمەڵکوژییەکەیان کردووە 4 کەس بوونە. بە دەمامکەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر خانەوادەکە. یەکێک لەوانە لە هەولێر لەلایەن دژەتیرۆری هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراوە. ناوی ئەو تیرۆرستە دەستگیرکراوە مەهدی حسێن ناسرە. لە بارەگای دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان گوتەی لێوەرگیراوە: دانپێدانانی گومانلێکراو بەمجۆرەیە.

"ناوم مەهدی حسێن ناسرە و لەدایکبووی 1984م. لە باڵیۆزخانەی رووسیا لە بەغداد وەکو پارێزەری باڵیۆزەکان کارمکردووە. ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامم لەسەر کارەکەم.

ماوەی 4 ساڵ لەمەوبەر کەسێکم بە ناوی باوکی شیلان ناسی. دوای دوو رۆژ بەهۆی ئەوەی قەرزدار بووم داوای قەرزم لێی کرد. ئەو گوتی پارەم نییە و قەرزی پێنەدام. ئەوە بوو دەمەقاڵێ و شەڕ لە نێوانمان دروستبوو. دواتر من چەقۆم لە ئەو دا. لەکاتێکدا دەمویست تاوانەکەم بشارمەوە، ژنەکەی هات. من سەرم لێ شێوا و ژنەکەش دەستی بە قیژاندن و هاوار کرد. ئنجا هەردوو تەرمم بردە گەرماوەکە و ئاوەکەم کردەوە. رێک لەو کاتەدا شیلان هات.  

شیلان بەو دیمەنەی بینی سەری لێ شێوا. چی کردم هێوری بکەمەوە بەڵام سوودی نەبوو. ئەو تەبڵەی جگەرەی تێگرتم. منیش دوو مشتەکۆڵەم لێیدا و کەوتە سەر زەوی. دواتریش سەرینێکم خستە سەر دەمی و خنکاندم. ویستم تاوانەکەم بشارمەوە بەڵام بۆم نەدەکرا و نەمدەزانی چی بکەم. دواتر ئەو ناوەم پاک کردەوە، ئنجا بەدوای پارە گەڕام لەماڵەکە و دۆزیمەوە. رێک نازانم چەند بوو، پێموابێ نزیکەی 10 هەزار دۆلار بوو. هەندێک پارەی عێراقیش هەبوو. پارە و مۆبایلەکانم لەگەڵ خۆمدا برد و ئەو چەقۆیەشم برد کە بەکارمهێنابوو، ئنجا رۆیشتم.

بیرم کردەوە لەوەی بۆ کوێ بڕۆم، سەرەتا رۆیشتمە کەناڵی ئاوەڕۆ، چەقۆ و مۆبایلەکانم هەڵدایە نێو ئاو. دواتر بە ئۆتۆمبیلێکی تایبەت هاتم بۆ هەولێر و لە هۆتێلێکدا نیشتەجێ بووم. دواتریش بیرم لەوە کردەوە راکەم بۆ دەرەوەی وڵات. بە مەبەستی وەرگرتنی ڤیزا بۆ گەشتکردن بەرەو تورکیا یان وڵاتێکی دیکە لە هۆتێلەکە چوومە دەرەوە. کاتێک گەڕامەوە هۆتێلەکە دەستگیرکرام".

با سەرنج بدەین، بکوژ کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆیە. بەردەوامە لە کارەکەی لە وەزارەتی ناوخۆ. لە باڵیۆزخانەی رووسیاشدا کاردەکات. پارێزەری دیپلۆماتکارانە.   

ئەو شوێنەی ئەو ماڵە کوردە لێی نیشتەجێن لە بەغدادە و لە شوێنێکی پارێزراوی ناوچەی سەوزە کە گەڕەکی مەنسوور راقی پێدەڵێن. باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لەو گەڕەکەدایە. مەحاڵە کەسانی ئاسایی بتوانن بڕۆنە نێو ئەو گەڕەکە. بەڵام ئەو کەسانەی کارمەندی دەوڵەتن دەتوانن بڕۆنە ئەو گەڕەکە. شوێنێکی زۆر پارێزراوە.

ئەمە نیشانی دەدات کە ئەو کوردانەی لە ناوچەکانی وەکو بەغداد و ناوچە لە کوردستان داماڵراوەکان دەژین رووبەڕووی مەترسیی زۆر گەورەن. بۆ نموونە باس لەوە دەکرێت لە خانەقین بکوژانی داعش بە رۆژ وەکو پۆلیسی عێراقی و بە شەو وەکو ئەندامی داعش کاردەکەن. ئەم جۆرە هەواڵانە لە میدیای کوردیشدا بڵاودەکرێنەوە.

بە مرۆڤی وەکو مەهدی حسێن ناسر دەگوترێت تیرۆرست، پێشی دەگوترێ بکوژ. بەڵام روونیشە کە ئەوانە لە وەزارەتی ناوخۆدا لەسەر ئەرکەکانیاندان. بە هەر شێوەیەکیش بێت ژمارەیان زۆرە...

 کاتێک باسەکە هاتە سەر دوژمنایەتیی کورد، داعش و حەشدی شەعبی هیچ جیاوازییەکیان نییە. کارکردنی ئەندامانی حەشبی شەعبی لە وەزارەتی ناوخۆ و باڵیۆزخانەکاندا بابەتێکە شایەنی هەڵوەستە و سەرنجە. حەشدی شەعبیش لە ناوچە لە کوردستان داماڵڕاوەکاندا کۆمەڵکوژیی زۆریان دژی کورد کردووە. لە ناوچەکانی وەکو کەرکووک و خانەقین هەم داعش و هەمیش حەشدی شەعبی هاندەرن بۆ زەوتکردنی زەوی و باخی کورد، هەروەها بە زۆر دەرکردنی کوردان لە ماڵەکانیان و نیشتەجێکردنی عەرەب لە شوێنەکانیاندا.

ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییە لە کاتی نزیکبوونەوەی ساڵیادی رێفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول، دەکرێ وەکو پەیامێک بۆ کوردەکان لێکبدرێتەوە.

کوردان تەنیا لە عێراق، بەغداد و ناوچە لە کوردستان داماڵدراوەکان رووبەڕووی ئەو مەترسییانە نەبوونەتەوە، بۆ نموونە لە سووریا، باشووری رۆژئاوای کوردستان و رۆژاڤا ژیانێکی پڕ لە مەترسی دەژین. لە ناوچەکانی وەکو عەفرین و سەرێکانی کە تورکیا داگیری کردوون، چەکدارانی SMO (هێزەکانی سووریای ئازاد) بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنیان دژی کوردان و خانەوادە کوردەکان ئەنجامدەدا. گەنجە کوردەکان دەڕفێنن و ئەشکەنجەیان دەدەن، دەستدرێژیان دەکەنە سەر. بە زۆر کوردان لە ماڵەکانیان لەڕێی کردەی تیرۆرییەوە وەدەردەنێن. خانووەکانیان بە کەلوپەلەوە دەستبەسەردا دەگرن. چەکدارانی SMO خانەوادە عەرەبەکان لە شوێنی ئەو کوردانە نیشتەجێ دەکەن. جگە لە خانووەکانیان، دوکان، زەوی و باخەکانی ئەو کوردانەش داگیر دەکەن. چەکدارانی SMO کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات، ئاو لەسەر گوندە کوردنشینەکان دەگرنەوە. ئەمە روونە کە لە سەردەمی کۆرۆماشدا ئەم جۆرە زوڵمو بەردەوام بوو.

هانی میگالی، رێپۆرتەری کۆمیسیۆنی نێودەوڵيتیی توێژینەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد زوڵمی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، بەرامبەر خەڵکی سڤیل رووی لە زیادبوون کردووە و ئەو توێژینەوانەش کە دەکرێن بەس نین. 

" هانی میگالی لەبارەی ئەو راپۆرتەی پێشکەشی 45'مین دانیشتنی کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت، وەکو ئەندامی کۆنسەی و کۆمیسەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو قسەیکرد و گوتی چەکدارانی SMO کە عەفرین و سەرێکانییان کۆنترۆڵکردووە تاوانەکانی دژی سڤیل وەکو رفاندن و دەستگیرکردنی بەهەوەس و دەستدرێژی و تاڵانکردن ئەنجامدەدەن".

هانی میگالی کە باسی لە بەشێکی ئەو پێشێلکارییانە کرد کە لە ناوچەکەدا ئەنجامدەرێن، گوتیشی:"دەبینین لە هەندێک شوێندا ماڵ و موڵکی خەڵکی سڤیل بەزۆر دەستی بەسەردا گیراوە و تاڵانکراوە، دواتر لە بازاڕەکاندا فرۆشراوە.  جگە لەمەش خەڵکت سڤیل بە زۆر لە ماڵ و حاڵیان کراون، دەستگیرکراون، ئەشکەنجەدراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر".

هانی میگالی کە ئاماژەی بە رفاندنی سڤیلەکان و داواکردنی فیدیەی کرد، هەروەها گوتی:"ئەو راپۆرتانە هەن کە دەیسەلمێنن سڤیل لەپێناوی فیدیە دەفڕێنن. لێرەدا وردەکارییەکی لەمشێوەیە هەیە. بەتایبەتی لەبەر ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی SMO مووچەی تەواو وەرناگرن بۆیە کارێکی لەمجۆرە دەکەن. هەتا دەبینرێت کە ژمارەیەک لەوانە بەهۆکاری سیاسی دەستگیر دەکرێن".

هانی میگالی هەروەها ئاماژە بە زیادبوونی بە زۆر کۆچ پێکردنی خەڵکی سڤیل لە ناوچەکە و جێگیرکردنی خەڵکی دیکە لە شوێنەکانیان دەکات و دەڵێت:"بەپێی ئەوە دەیبینین تورکیا هەوڵی ئەوەی داوە قەناعەت بەگرووپە چەکدارەکانی SMO بهێنێت بۆ ئەوەی واز لەو جۆرە تاوانانە بهێنن. بەڵام ئەو توێژینەوانەی لەبارەی ئەو گرووپە چەکدارانە کراون بەس نین بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو. وا بیردەکەینەوە تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە گرووپە چەکدارییەکە ئەنجامی دەدەن هەژموونی زیاتری خۆی بەکاربهێنێت".

لە ئێرانیش هەموو رۆژێک یەک دووانێک لە گەنجە کوردەکان لەسێدارە دەدرێن. لەسێدارەدانی گەنجانی تەمەن 20 ساڵی کورد شتێکە لە بابەتی ناسنامەدا جێی هەڵوەستەیە. بەتایبەتی کە لە سێدارەدانی رۆژانە یەک دووانێک لە گەنجانی کورد لە دژی گەلی کورد بووەتە سیاسەتێکی کۆمەڵکوژی. لە نێوان هەڵدانی بۆمبی گازی بۆ ژوورێک و کوشتنی گەنجان لەڕێی ئەو جۆرە خنکاندنە لەگەڵ رۆژانە لە سێدارەدانی یەک دووانێک لەو گەنجانە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە.   

تورکیاش سیاسەتەکانی دژی کورد بە روونی دەهێنێتە ئاراوە: شارەوانیی ئاکەپە لە ناوەندی شارۆچکەی یاقوتییەی ئەرزوڕوم، لە تابلۆکانی رێکلامدا بە 9 زمان رێنمایی ''تکایە دەمامک ببەستن" بڵاوکراوەتەوە. لەکاتێکدا شارۆچکەی یاقوتیە چڕترین دانیشتووانی کوردی لێیە رێگە بە زمانی کوردی نەدراوە، بەڵام بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، رووسی، جۆرجی و ئازەری نووسراوە، لەکاتێکدا ئەو نەتەوانە هاوڵاتیش نین. هەر بۆیە ئاگاداری بەو زمانانە بووەتە جێی سەرنج. 

بەگوێرەی هەواڵێکی دیندار کاراتاش لە ئاژانسی هەواڵیی میزۆپۆتامیا، هەفتەنامەی خۆیبوون کە لە ئەرزەڕۆم دەردەچێت نووسیوێتی؛ عەبدولڕەحمان سەڤەر کە نووسەرێکی ئەو شارەیە دەڵێ شارێکی نیوەکوردی وەکو ئەرزەڕۆم کە هەنگاوێکی وەهای تێدا نراوە، نیشانەیە بۆ بەردەوامیدان بە سیاسەتی نکۆڵی کردن لە بوونی کورد و زمانی کوردی.  (17ی ئەیلوولی 2020)

لە چاتاک (وان) شەعبان ئیبۆ تەمەن 50 ساڵ کە باوکی 7 منداڵە، سەروەت تورگوت تەمەن 55 ساڵ کە باوکی 8 منداڵە دەگوترێ لە هێلیکۆپتەرەوە هەڵدراونەتە خوارەوە و بە بێهۆشی بۆ نەخۆشخانە براون. یەکێک لەو گوندنشینانە هۆشی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەشیان لە چاودێریی چڕدایە. تەیب تەمەل پەرلەمانتارت هەدەپە لە بازنەی وان لەبارەی ئەم بابەتەوە پێشنیازنامەی پرسیاری ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە و داوا دەکات وەزیری ناوخۆ وەڵام بداتەوە. (20ی ئەیلوولی 2020)

بابەتێکی دیکە سانسۆری سەر یانەی داڵکوردە کە لە خولی پلەی دووی خولی سوێد یاری دەکات. لە یەکەم یاریی لەگەڵ براگ لەبری ناوی داڵکورد ژمارەی 123456789 بەکارهات. (21ی ئەیلوولی 2020)

25ی ئەیلوولی 2020، 82 کەس کە ئایهان بیلگەن سەرۆکی شارەوانیی قارس، سڕی سورەیان ئۆندەر و ئایهان تان'یان لەگەڵدا بوو دەستگیرکران. رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 کە کاتی هێرشی داعش بوو بۆ سەر کۆبانێ بە بیانووی ئەو دەستگیرکردنانە نیشاندرا. 

لە هەمان رۆژدا لە ئیستەنبووڵ 24 کەس لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی بێ ناوەکان 24 کەس دەستگیرکران کە تەمەل دەمیرەر و هاکان گوڵسەڤەن دوو لەو دەستگیرکراوانە بوون.

                                            ***

سەرۆکی شارەوانیی ئاگری ساڤجی سایان، 17ی ئەیلوول گوتی:"گەورەترین پشتیوانی بۆ هاوپەیمانیی جمهوور لە کوردانەوە دێت". تۆ بڵێیت ساڤجی سایان دەرهەق بەو جێبەجێکاریانەی حکومەت چی بڵێت؟

سیاسەتی ئەنتی-کورد لە 1920'کانەوە دەستپێدەکات و بێگومان رەگەکەی بۆ ئیتتیحادو تەرەقی درێژ دەبێتەوە. لەو ساڵانەدا سیستمێکی ئەنتی کوردی جیهانی لە چوارچێوەی جەمعیەتی میللەتەکان دروستکرا. سیستمی ئەنتی کوردی جیهانی لە 1945 بەهێزتریش بوو. تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان بەمشێوەیە هات.

 کێشەی کورد/کوردستان کێشەیەکی نێودەوڵەتییە. لە سەرووی ئەمەشەوە کێشەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

25ی ئەیلوولی 2017 با ئەنجامی رێفراندۆممان بیر بکەوێتەوە. هەروەها با بە کورتی ئەوە ببینین کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە ئەویش کوژرانی وەحشیگەرانەی خانەوادەیەکی کوردە لە بەغداد. با زۆرینەی دژەکوردبوون و دوژمنایەتیکردنی کورد لە عەرەبەکان ببینین. هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانی داعش و حەشدی شەعبی ببینین لە دژی کورد/کوردستان لە ناوچە لە کوردستان داماڵدراوەکان. با بزانین کە هێشتا مۆڵەت بە پێشمەرگە نادرێت بگەڕێتەوە ئەو شوێنانە. هەوڵی لکاندنی کەسانێک بە ناوەند، بە زەبری چەک و ئەو هەڵمەتانەی کە دەگەنە رادەی کۆمەڵکوژی، ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەران ناکات؟ ئایا قۆناخێکی وەها بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تووشی داڕزان ناکات؟

 

ئیسماعیل بێشیکچی

2.10.2020

 

نووسینەکانیتری نووسەر :http://www.peyamakurd.info/sorani/Niviskar/soot-ndn-rsh-f-h-bg-o-h-rsh-rdn-s-r-d