پەیامی کورد... کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ: 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە ئۆکراین کوژران
کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە نزیکەی 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە ئۆکراین کوژراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا کوژرانی 9 هەزار و 444 هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی 16 هەزار و 940 کەس لە سەرەتای شەڕەوە لە مانگی شوباتی 2022 پشتڕاست کراوەتەوە، بە گشتی 500 منداڵ کوژراون.
باسی لەوەشکردوە، پێدەچێت ژمارە ڕاستەقینەکان لەوە زیاتربن، چونکە داتای زۆرێک لە ناوچەکان لەبەردەستدا نییە، بە تایبەتی بۆ شارەکانی وەک ماریۆپۆل، لیسیشانسک و سیڤێرۆدۆنێتسک، کە دوای ماوەیەکی زۆر لە شەڕێکی سەخت لەلایەن هێزەکانی ڕووسیا داگیرکرابوون و دەستکەوتنی داتاکان تێیدا قورسە.
ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات کە لە مانگەکانی یەکەمی شەڕەکەدا زیاتر خەڵکی مەدەنی کوژراون، لە کیێڤ ترسی ئەوە هەیە کە ڕەنگە هەزاران یان دەیان هەزار ئۆکراینی زیاتر لەوەی کە بە فەرمی تۆمارکراوە کوژرابن.
لە بەهار و هاوینی ساڵی 2023 مانگانە لە نێوان 170 بۆ 180 هاوڵاتی مەدەنی دەکوژرێن.
لەبەرامبەر پێشڕەویی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی خارکیڤ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، سوپای ئۆکرانیا هێزی یەدەگی گواستەوە بۆ کۆبیانسک لە ناوچەی خارکیڤ، کە ئۆکراینییەکان ساڵی ڕابردوو ڕزگاریان کرد.