داوای راگەیاندنی ئاگربەست لەسوریا دەکرێت

داوای راگەیاندنی ئاگربەست لەسوریا دەکرێت

رێکخراوی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان رەخنە لەرژێمی سوریا و ھاوپەیمانەکانی دەگرێت، لەبەرامبەر ئەوەی ماوەی چەندین رۆژە بۆردومانی چڕی (غۆتەی خۆرھەڵات و پارێزگای ئدلب) دەکەن، رێکخراوەکە داواش دەکات دۆسێی سوریا رەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکرێت.
کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ئامارێکی لەبارەی قوربانییە مەدەنییەکانی سوریاوە بڵاوکردەوە تێیدا رایگەیاندووە، کە لە ماوەی نێوان (٤ تا ٩)ی ئەم مانگە (٢١٠) ھاووڵاتی لە بۆردومانەکانی (غۆتەی خۆرھەڵات و ئدلب) کوژراون کە لەنێویاندا (٥٠) منداڵ و (٤٢) ئافرەت ھەیە.
هاوکات لێپرسراوانی نەتەوەیەکگرتوەکان، رژێمی سوریا بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە لەسەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە رێگری لەگەیشتنی کۆمەک و ھاوکاری مرۆیی بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکانی سوریا کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، کە ژمارەیەک رێکخراوی مرۆیی جیهان بەمەبەستی بەھاناوەچوونی نەخۆش و بریندارانی سوریا، داوایان کردووە بۆ ماوەی (٣٠) رۆژ ئاگربەست لەنێوان لایەنە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتەدا رابگەیەندرێت.