"یاسایی خانەنشینی لەهەرێم و عێراق یەکدەخرێت"

"یاسایی خانەنشینی لەهەرێم و عێراق یەکدەخرێت"

بەوتەی سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لەپەرلەمانی كوردستان پاش ئەوەی یاسای خانەنشینی پۆلیس خوێندنەوەی یەكەمی لەپەرلەمان بۆ كرا، بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، راپۆرتێك لەبارەی هەمواركردنەوەی پرۆژەیاساکەوە ئامادەکرا، بەڵام تا ئێستا لەسەر داوای حكومەت راگیراوە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئەیوب عەبدوڵڵا، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە، کە لیژنەکەیان بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان راپۆرتێکیان لەسەر پرۆژەیاسای  یاسای خانەنشینی پۆلیس ئامادەکردووە.  ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لەو راپۆرتەدا هەموو ماف و ئیمتیازاتی خانەنشینی پۆلیس دیاریكراون، بەڵام حكومەت پێی وتوون ئەو پرۆژەیاسایە رابگرن، چونكە پرۆژەیەكی چاكسازی نوێیان بۆ خانەنشینی مەدەنی و سەربازی هەرێم ئامادەكردووەو لەگەڵ یاسای خانەنشینی عیراقیشدا، یەكدەخرێت.

سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لەپەرلەمانی كوردستان رونیشیکردووەتەوە، بەگوێرەی یاسای خانەنشینی عێراق، هەر پۆلیسێك تەمەنی گەیشتە (٥٠) ساڵ و هاوکات (١٥) ساڵ خزمەتیشی هەبێت، مافی هەیە داوای خانەنشینی بكات.