عەفرین لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا

عەفرین لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا

سوپای تورکیا و هەندێک گرووپى چەکدارى سەر بەو وڵاتە نزیکەی مانگێکە لە ژێر ناوى ئۆپراسیۆنى " چڵە زەیتوون"  هێرشى ئاسمانى و زەوینى کردووەتە سەر عەفرین و ئەو شارەیان دەور داوە و شەڕڤانانی یەپەگەش زیرەکانە بەرگرى دەکەن.

 

بە پێى لێدوانى شەڕڤانان تا ئێستا  دەیان جارە گوند و دەوروبەر و ناوەندى شارەکە تۆپباران کراوە و تەنانەت نەخۆشخانەی ئاڤرینیش خەسارەتى پێ کەوتووە و دەیان ماڵى هاووڵاتیان وێران و دەیان کەس بریندار و گیانیان لەدەست داوە، بە پێى هەواڵى ئاژانسی " هاوار نیوز"  چەندین منداڵ کوژراو و بریندار بوونە.

 

هەروەها سیپان حەمۆ فەرماندەی گشتی یەپەگە باسى لەوە کردووە ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ سوپای سوریا نییە بۆ چوونە ناوەوەی عەفرین، ئەویش لەپێناو بەرگریکردن لە عەفرین و سنوری سوریا، "ڕێژیم هەمووکات  دەڵێ عەفرین بەشێکە لە سوریا، بۆیە ئەگەر بەشێکە لە سوریا، دەبێ ڕێژیمی سوریا بە ئەرکی خۆى هەڵبستێت".

 

لە ڕاگەیەندراوێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هاتووە کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانى سەر بەو وڵاتە لە چەند میحوەرێکی جیاوازەوە لە ناوچەکانی بلبلە و جندریس و مەحمودیە هێرشیان کردووەتە سەر شەڕڤانان، بەڵام تەواوی هێرشەکان تێکشکێندراون و هەربەوهۆیەوە هاوڵاتییەک شەهیدبووە و چواری دیکەش برینداربوون.