image


پەیامی کورد... بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ١٣ ملیۆن گوندنشین لە عێراق هەڕەشەی کۆچکردنیان لەسەرە

وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە ١٣ ملیۆن هاووڵاتی عێراق کە گوندنشینن، پشت بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبەستن، ئەگەر بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا و کەمئاوییەوە کشتوکاڵیان لە دەست بدەن ناچاری کۆچکردن دەبن.

ڕۆژی دووشەممە ١٥-٨-٢٠٢٢، د. جاسم فەلاحی، وەزیری ژینگەی عێراق بە وەکالەت ڕایگەیاند: "وشکەساڵی هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق دەکات. لە کاتێکدا، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە گۆڕانەکانی کەشوهەوا زۆرترین کاریگەرییان لەسەریان داناوە. هۆکارەکەشی زۆری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە لەگەڵ کەمبوونی ئاوی هاتوو لە وڵاتانی دراوسێوە."

وتویەتیشی: "کەمبوونی بارانبارین و چەند هۆکارێکی دیکە بوونەتە هۆی زیادبوونی بیابان و لەدەستدانی ڕووبەرێکی زۆری زەوی کشتوکاڵی. هەروەها، زۆربوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارینیش هۆکارێکی دیکەیە."

ئاشکراشی کردووە: "زیاتر لە ٣٣٪ی دانیشتووانی عێراق گوندنشینن و پشت بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی دەبەستن. ئێستاش وشکەساڵی هەڕەشە لەو گوندنشینانە دەکات، بۆیە ئەگەر بەهۆی کەمئاوییەوە کشتوکاڵیان لە دەست بدەن ناچاری کۆچکردن دەبن؛ چ لە ناوخۆ بێت یان بۆ دەرەوە."

وەزیری ژینگە سەبارەت بە کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق، دەڵێت: "پلانەکەمان دوو بەشە، یەکەمیان لە ٢٠٢٠ەوە تاوەکوو ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دووانۆکسیدی کاربۆن، بەتایبەت لە کەرتی نەوت و گاز. دووەمیش لە ٢٠٢٥ تاوەکوو ٢٠٣٠ بەردەوام دەبێت و فۆکسی لەسەر هێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەم دەبێت بۆ ئاودان و باشتر بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو."

ئەمەش دوای ئەوەدێت کە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا ڕایگەیاند: "گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەی مان و نەمانە بۆ ئایندەی عێراق، چونکە بیابانبوون کاریگەری لەسەر ٣٩٪ی خاکی عێراق داناوە. هەروەها، ٥٤٪ی خاکی عێراق مەترسی لەدەستدانی توانای کشتوکاڵی لەسەرە."