image


پەیامی کورد … بەهۆی تەقەکردنەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا داخرا

 

ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) بڵاویکردەوە، بەهۆی بیستنی دەنگی تەقەکردن لە وێستگەیەکی پاسی نزیك باڵەخانەکەیان، ئەو شوێنەیان داخستووە.

 

پۆلیسی ئەو ناوچەیەش ئاماژەی بە بیستنی تەقە لە وێستگەیەکی پاس و میترۆی نزیك پنتاگۆن کردووە و داواشی لە کەسەکانی ناو باڵەخانەکە کردووە، لە شوێنەکانیان بمێننەوە و خەڵکی ناوچەکەش خۆیان لەو ناوچەیە بە دووربگرن.

 

 

سۆ گۆگ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە ماڵپەڕی حوڕەی راگەیاند، بەهۆی لێکۆڵینەوەکان و چالاکی بەردەوامی پۆلیسەوە، تا ئێستا پنتاگۆن بەداخراوی ماوەتەوە.

 

لەلایەن خۆیەوە، دەستەی هاتووچۆی میترۆی ناوچەکە ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم هێڵی شەمەندەفەرکان ئەوانەی بە تەنیشت پنتاگۆنەوە تێدەپەڕن بە شێوەیەکی کاتی راگیراون، پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەکانە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی کوشتنی پیاویکەوە بە چەقۆ لە میترۆی نزیک لە پنتاگۆن وێستگەکە داخراو و ئێوارەی رۆژی دواتر کرایەوە.