image

سەلاحەدین دەمیرتاش کاندیدی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لەرێگەی پارێزەرەکەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە کاندید بوونی بڵاوکردەوە.

 

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە و پەرلەمانتاری ئەو پارتە کە ئێستا بەربژێرە بۆ سەرۆکایەتی تورکیا لەرێی پارێزەرەکەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە کاندید بوونی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، "ئەمە ئەنجامی ئەو بارودۆخەیە کە بەشێوەیەکی نادادپەروەری و بەبێ تاوان من و هاورێکانمی دەستگیرکردووە. بەڵام هەرچەندە دەستگیرکراو بم، ئەو ئەرکەی لەسەر شانمە هەوڵ دەدەم ئەنجامی بدەم. لە ڕاستیدا من بارمتەیەکی سیاسیم، دەستگیرکراو نیم. هەموو ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵم، لە قسەکانمەوە وەرگیراوە. ئەمە سکانداڵ و ڕەزالەتی یاسایە".

دەمیرتاش لە بارەی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان دەڵێت "من بە دڵنیاییەوە بۆ خولی دووەم دەمێنمەوە. لەو بابەتەدا زۆر بە دڵنیای قسە دەکەم. باوەڕیشتان بەوەبێت لە خولی دووەمدا پشتگیری هەموو لایەک بەدەست دەهێنم. لەپیناو داهاتوویەکی گەش و دیموکراسییەکی ڕاستەقینە، من و هەدەپە دەبینە نوێنەری دەنگی زوڵملێکراوان و هەژاران و پەراوێزخراوان و ئەو کەسانەی بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕێن".

دەمیرتاش سەبارەت بە هاوپەیمانێتی هەڵبژاردن، ڕەخنەی توندی ئاراستەی جەهەپە کرد کە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەنجام نەداون و وتی "جەهەپە دەیتوانی لەو ڕووەوە ئەنجامی باشتری بەدەست بهێنایە. هەرچەندە ئەوە بڕیاری خۆیانە. شەرعییەتی ئێمە خەڵکی دیاری کردووە نەوەک ئاکەپە".