image

سێزای تەمەللی هاوسەرۆکی هەدەپە ڕایگەیاند لە 4ی ئایاردا کاندیدی خۆمان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار ئاشکرا دەکەین. کۆدەنگییەکی گەورە لەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش هاسەرۆکی پێسووی هەدەپە هەیە کە ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێکە لە زینداندایە.

 

سێزای تەمەللی پێش ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی یادی ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە شاری دیاربەکر بکات چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ BBC تورکی ئەنجامدا و ڕایگەیاند "تا ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن. ئێمە هەتا بتوانین هەوڵ دەدەین هەموو بەربەستەکان تێبپەڕێنین و ئەو گفتوگۆیانە بکەینە خاڵێکی هاوبەش لە نێوانماندا. ئەوەی تا ئێستا بەدی دەکرێت ئەوەیە کە کۆدەنگییەکی گەورە لەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش هەیە".

تەمەللی لە درێژەی قسەکانیدا وتی "لە تورکیادا قەیرانی نوێنەرایەتی هەیە و پێویستە ئەو قەیرانە تێبپەڕێنرێت. هیچ چارەسەرێک بە بێ هەدەپە سەرکەوتوو نابێت، ئەو کەسانەش کە پێیان وایە هەدەپە ڕۆڵی نییە لە چارەسەری کێشەکان هەڵەیەکی گەورە دەکەن".

سێزای تەمەللی دەربارەی تێپەڕاندنی بەربەستی یاسایی لە لایەن هەدەپەوە ڕایگەیاند "هەروەک لە هەڵبژاردنەکانی 7ی حوزەیران و یەکی تشرینی دووەم بینیمان هەدەپە دەتوانێت بە شێوەیەکی بەهێز بەربەستی یاسایی تێبپەڕێنێت. بەڵام ئەو کەسانەی هەدەپە دەکەنە دەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکان، دەتوانم بڵێم ئەوانە کێشەی زۆر گەورەی دیموکراسییان هەیە و کێشەی زۆر گەورەی تێپەڕاندنی بەربەستی دیموکراسییان هەیە".

دواتر تەمەللی لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەدا لە شاری دیاربەکر وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و ڕایەگەیاند "مەیدانەکانی یەکی ئایار دەگوازینەوە بۆ 24ی حوزەیران. ئەوان بە سیاسەتی شەڕ و وێرانکاری لە دەسەڵاتدا ماونەتەوە. بە ستەمکردن لە خانەنشینان و بەسالاچوان لە دەسەڵاتدا ماونەتەوە. دەسەڵاتی خۆیانیان بە دوژمنکارییەوە بەستووەتەوە. هەوڵی چاندنی تۆوی دوژمنایەتی و دووبەرەکی لە نێوان کورد و پێکهاتەکانی دیکەی تورکیادا دەدەن. ئەوانە ئیرادەی خەڵکی زەوت دەکەن، ئەو کەسانەی کە بە دەنگی ئێوە چوونەتە دەسەڵات بە بڕیاری نایاسایی دوور دەخرێنەوە و دەخرێنە زیندان. لە ئێستادا کاربەدەستانی ناو ئاکەپە دێنە ناوچە کوردییەکان و داوای دەنگ دەکەن. ئایا لە ناوچە کوردییەکانەوە دەنگ بۆ ئاکەپە دەچێت؟ ئەوانە لێرە خۆیان دەکەن بە کورد و لە ئەنقەرە دەبن بە گورگ. ئێمە هیچ دەنگێکمان نییە بیدەین بە گورگ".