image


پەیامی کورد... لە ئەفغانستان ٣١ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی ئەفغانستان گەیشتە ٣١ کەس. لافاوەکە، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی گرتووەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٢، محەممەد نەسیب حەقانی، گوتەبێژی وەزارەتی ئیدارەدانی کارەساتی ئەفغانستان ڕایگەیاند کە تەنیا لە پارێزگای پەروان ٢٠ کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لافاوەکە پارێزگاکانی کاپیسا، پەروان و نەنگەهاری لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە گرتووەتەوە.

پێشتر، ڕۆژی دووشەممە میدیای فەرمیی ئەفغانستان ڕایگەیاند، بارانی بەلێزمە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە باکووری وڵاتەکە و جگە لەو ٣١ کەسەی گیانیان لەدەستداوە و ١٧ کەسیش بریندار بوون.

بەگوێرەی میدیای وڵاتەکەش، تاوەکوو ئێستا لانی کەم ١٠٠ کەس بەهۆی لافاوە لەناکاوەکەوە بێسەروشوێن بوون کە «زۆربەیان لە پارێزگای پەروانن» و هەڵمەتێکی گەڕان بەدوایاندا دەستیپێکردووە.

لە سێ ناوچە کە بوونەتە چەقی لافاوەکە لە پارێزگای پەروان، دەیان ماڵ پڕ ئاو بوون و زیانیان بەرکەوتووە. پارێزگاکە کەوتووەتە نێو زنجیرە چیایەکەوە و زوو زوو بارانی بەخوڕ دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاوی لەناکاو. بەشێکی زۆری خانووەکان لەو پارێزگایە لە خۆڵ دروستکراون، ئەوەش وایکردووە بەرگەی لافاوی بەهێز نەگرن.

ئەفغانستان لە ٤٣ پارێزگا پێکدێت؛ بەگوێرەی کەشناسیی وڵاتەکەش، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە زۆربەی پارێزگاکان بارانبارینی بەخوڕ بەردەوام بێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە تەنیا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، بارانی بەلێزمە و لافاوی لەناکاو بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ٤٠ کەس. لە مانگی ئایاریشدا ١٩ کەس بەهۆی لافاوەوە لە سەرتاسەری ئەفغانستان گیانیان لەدەستدا.