image


پەیامی کورد.... مانگی ڕابوردوو عێراق بە بڕی زیاتر لە 7 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: داهاتی مانگی ڕابردووی فرۆشتنی نەوت زیاتر بووە لە 7 ملیار دۆلار.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ڕادیۆی نەوا نێردراوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندوە، کۆی هەناردەکردن و داهاتی نەوتی مانگی کانوونی دووەمی ڕابوردوو بەپێی ئامارێکی سەرەتایی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی 101 ملیۆن و 245 هەزار و 95 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە کە داهاتەکەی گەیشتووەتە 7 ملیار و 690 ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاشیگەیاندوە، هەر بەپێی ئامارە سەرەتاییەکەی سۆمۆ بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە مانگی ڕابردوودا لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتووەتە 98 ملیۆن و 460 هەزار و 50 بەرمیل، هەروەها لە کێڵگەی نەوتی کەرکووک کە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە کراوە 2 ملیۆن و 475 هەزار و 516 بەرمیل نەوت بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاشیگەیاندوە، تێکڕای فرۆشتنی هەر بەرمیلێکی نەوتی خاو بە بڕی زیاتر لە 75 دۆلار و 96 سەنت بووە.