image

مونتەزیر ئەل زێدی، ئەو رۆژنامەنوسەی لە ساڵی 2008 و لە میانەی سەردانی جۆرج دەبلیو بوش بۆ عێراق، لە کاتی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوری مالکی، پێڵاوەکەی گرتە بوش، ئێستا کاندیدی پەرڵەمانی عیراقە و بە نیازە بۆ سەرۆک کۆماری خۆی کاندید بکات.

 

مونتەزیر، لە لیستی، هاوپەیمانی سائرون  ژمارە 156، خۆی کاندید کردووە، کە هاوپەیمانی شیعەکان و رەوتی سەدرە، بە دروشمی "مافەکانتان لە قوڕگیان دەردەهێنم" بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کردووە.

مونتەزیر، لە بارەی رووداوەکەی ساڵی 2008ەوە دەگێرێتەوە و دەڵێت "کە پێڵاوەکەم گرتە جۆرج بوش_ی پیاوکوژ، ویستم ناڕەزایی خۆم دەرببڕم بەرامبەر بە درۆکانی، بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی دژی وڵاتەکەم، و کوشتنی هاوڵاتییەکانی وڵاتەکەم".

ئەو کاندیدەی (هاوپەیمانی سائرون)، نیازیشی وایە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری کاندید بکات، بەوپێیەی لە دوای ئەوەی کاندیدە براوەکان، چوون بۆ پەرلەمان هەردوو پۆستی سەرۆکوەزیران و پۆستی سەرۆک کۆماری راستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، دەیەوێت ئەگەر سەرکەوت، پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان دەنگی پێ بدەن.

رێکەوتی 14ی  کانوونی یەکەمی سالی 2008  مونتەزیر، لە کاتی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا و نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە مونتەزیر وەک رۆژنامەنووس بەشدار بوو، تاکێکی پێڵاوەکانی گرتە بوش و هاواریکرد  "ئەمە ماچی خوا حافیزی عێراقییەکانە بۆ تۆ" ، هەوڵی دا تاکە پێڵاوەکەی دیکەشی تێبگرێت و هاواری کرد "ئەمەش لە پێناو ئەو ژنانەی بێوەژنت خستوون، ئەو منداڵانەی هەتیوت خستوون"، بەڵام لەلایەن پاسەوانەکانەوە دەستگیر کراو، نۆ مانگ زیندانی کرا.

Related image