image



پەیامی کورد... پووتین چەکی ئەتۆمیی تەکتیکی لە بێلاڕووس جێگیر دەکەین


سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتین بە ئاماژەدان بەوەی چەکی ئەتۆمیی تەکتیکی لە بێلاڕووس جێگیر دەکەن، ڕایگەیاند: "ئەمە بە جۆرێک ئەنجام دەدەین کە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانمان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان پێشێل نەکات".

ڤلادیمیر پووتین لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "Rossiya-24" لەبارەی پێشهاتەکانەوە دوا و لە وەڵامی پرسیارێکدا کە داخۆ ڕەوانەکردنی چەک لە وڵاتانی خۆرئاواوە بۆ ئۆکراینا هەڕەشە بۆسەر ڕووسیا دروست دەکات، گوتی: "بێگومان هەڕەشەیە. ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئەو وڵاتەی پێکدادانمان لەگەڵیدا هەیە، بە ڕاستی هەڕەشەیە. ژمارەی ئەو چەکانە زۆرە کە بۆ ئۆکراینا ڕەوانە دەکرێن".

ڤلادیمیر پووتین بە ئاماژەدان بەوەی کە پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەی زۆر بەخێرایی پێشکەوتووە، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پلانیان بۆ ئەوە داناوە لە هەمان کاتدا سێ هێندە زیاتر گوللەتۆپ لەو ڕێژەیە زیاتر بەرهەم بهێنن کە خۆرئاوا بۆ ئۆکراینای ڕەوانە دەکات.

سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتین ئاماژەی بەوە دا کە ناتۆ چەکی ئەتۆمی تەکتیکی لە وڵاتانی دیکە جێگیر کردووە و ئەوانیش ئەم جۆرە چەکە لە بێلاڕووس جێگیر دەکەن، گوتی: "چەندین ساڵە خۆرئاوا ئەم کارە دەکات لە وڵاتانی هاوپەیمان، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و لە ئەورووپا چەکی ئەتۆمی تەکتیکی خۆی جێگیر دەکات. ئەم جۆرە چەکانە لە ئەڵمانیا، تورکیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، ئیتاڵیا و یۆنان جێگیر کراون. لە یۆنان کۆگای ئەم جۆرە چەکە هەیە. لەگەڵ بێلاڕووس ڕێککەوتووین هەمان شت ئەنجام بدەین، بەڵام ئەمە بە جۆرێک ئەنجام دەدەین کە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانمان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان پێشێل نەکات".

ڤلادیمیر پووتین سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە لە دابینکردنی فڕۆکە هاوکاری بێلاڕووس دەکەن و ١٠ لەو فڕۆکانەش بۆ چەکی ئەتۆمی تەکتیکی بەکار دەهێندرێن.