image

بەوتەی سارە ساندەرز وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر زانیاری (درۆ) واژۆکراوە، لەبەرئەوەی لەدوای (٢٠١٥)وە بەرنامە ئەتۆمییەکەی پێشکەوتووتر بووە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سارە ساندەرز، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، کە "ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمیەی ئێران لەسەر بنەمای زانیاری درۆ واژۆکراوە و کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتاوە درۆی کردووە، چونکە بەرنامە ناوەکییەکەی ئەو وڵاتە لەساڵی (٢٠١٥)دا زۆر پێشکەوتووتر بووە لەوەی کە دانوستانی لەسەر کراوە."

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە سەبارەت بەکۆتایهێنانی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی لەئێران، ئامادەن ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەن، چونکە دەزانین ئەم ڕێککەوتنە ئێستای لەماوەی (٧) ساڵی داهاتوودا کۆتایی پێ دێت و ئەو کاتە ئێران بەتەواوەتی ئازاد دەبێت و دووبارە دەست دەکاتەوە بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی".

ئەوەش لەکاتێکدایە، کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوو رۆژ پێش ئێستا،  چەند بەڵگەیەکی خستەڕوو، کە بەوتەی خۆی دەیسەلمێنن ئێران فێڵی لە جیهان کردووە و بەردەوامە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

دواتریش، (مایک پۆمپێیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاردانەوەی وتەکانی ناتانیاهۆدا رایگەیاند، کە بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئیسرائیل لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەریدەخەن کە حکومەتی تاران درۆیکردووە.