image

پەیامی کورد     ...   سوپای پاسداران خۆیان بە سەرچاوەی "فیزیکی کۆوانتۆم " ناو دەبەن

پاسدار "عەلی فەدەوی" جێگری فەرماندەی گشتی ڕێکخراوی سوپای پاسداران لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی دا بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەوان سەرچاوەی "فیزیکی کۆوانتۆمـ"ـن.

ناوبراو وتوویەتی: "ئێمە هەنگاومان بۆ هەرچی هەڵگرتووە تیایدا سەرکەوتووین".

پاسدار "فەدەوی" وتوویەتی، زانستی "کۆوانتۆم" زانستێکی زۆر کۆنە لە دنیای ئیسلامدا و نزیک بە ١٠٠٠ ساڵ پێش زانایانی ئیسلام باسیان لەو زانستە کردووە.

فەدەوی هەروەها دەڵێت: "چەمکەکانی فیزیکی کۆوانتۆم لە کتێبەکانی ئێبنی عەرەبیدا هاتووە. لە حاڵێکدا ئێبنی عەرەبی لێکۆڵەر، فەیلەسووف، عارف و شاعیر بووە و کتێبێکیشی لەسەر گەردوونناسی لە ڕوانگەی دینەوە هەیە".

تێئۆری "فیزیکی کۆوانتۆم" ساڵی ١٩٠٠ی زایینی لەلایەن "ماکس پلانک" فیزیکزانی ئاڵمانی یەوە خراوەتە ڕوو، لە حاڵێکدا پاسدار "فەدەوی" دەڵێت، ١٠٠٠ ساڵ پێش باسی لێوە کراوە.

دواتر ئەو تێئۆرییە لەلایەن زانایانی وەک: "ئەڵبێرت ئاینشتاین ، لوویی دوو برۆی، نیلز بۆر، ئێرۆین شرۆدینگێر و ماکس بێرن" و چەند زانای دیکە باسی لێوە کراوە و ئیستاش ڕەهەندەکانی ئەو تێئۆرییە بەردەوام لە حاڵی پێشکەوتندایە.