image

پەیامی کورد     ...    وەزیری کشتووکاڵ  و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان :  ئاردی هاوردەکراوی بازاڕەکانی هەرێم ، بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان ماددەی کوشندەی تێکراوە

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی کە دەهێندرێنە ناو بازاڕەکان و لە ووڵاتانی تر هاوردە دەکرێن ناتوانرێت متمانەی ١٠٠% لەڕووی پاراستنی ئاسایشی خۆراک، کوالێتیەکەی و تەندرووستییەوە بخرێتەسەر، دەشڵێت، "لە چەند هەفتەی رابردوودا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەجۆری ئەو ئاردەی دەهێنرێتە ناو بازاڕەکانی هەرێم، کە بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان دەرکەوتووە ماددەی کوشندەی تێکراوە".

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ووتارێکدا لە مەراسیمی کردنەوەی کارگەی ئاردی سلێمانی لە سنووری بازیان رایگەیاند، "پڕۆژەکە هەنگاوی گرینگ دەنێت بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و هەموو ئەو بەرهەمانەی دانەوێڵە کە پێویستە بخرێنە بازاڕەکانەوە لەژێر چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی پار هەمووتان گوێبیست بون کە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی کە دەهێنرێنە ناو بازاڕەکان و لە ووڵاتانی تر هاوردە دەکرێن ناتوانرێت متمانەی ١٠٠% لەڕوی پاراستنی ئاسایشی خۆراک، کوالێتیەکەی و تەندرووستییەوە بخرێتەسەر، ئەمە وایلێکردین ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە پاڵپشتی ئەنجوومەنی وەزیران بیر لە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە بکەینەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی رابردوو نزیکەی ٣٩٠ هەزار تەن گەنمیان بە بازاڕکردوە لە سایلۆکاندا، بەڵام ئەمساڵ لە لایەن وەزارەتی بازرگانییەوە تەنها ١٢٦ هەزار تەن وەرگیراوە، کە ئەوەش بەهۆی ووشکەساڵی و ئەو بارودۆخە ناهەموارە بو بەسەر بەرهەمی کشتوکاڵیدا هات، ئەو کارگەیەی کە ئەمڕۆ کرایەوە یەکێکە لەو ١٣ پڕۆژەیەی کە لەگەڵ سایلۆکانی سنووری پارێزگای سلێمانی تەواو دەکرێن و لە ساڵی داهاتودا، گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ئەرکەی وەرگرتوە، لەگەڵ تەواوبوونی سایلۆکان گەنمی جووتیاران وەردەگرێتەوە.

بێگەرد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، "لە چەند هەفتەی رابردوودا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەجۆری ئەو ئاردەی دەهێندرێتە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان دەرکەوتوە ماددەی کوشندەی تێکراوە، لەپێناوی ئەوەی کە تەنها ئاردە سپی بکرێت و کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی تێکراوە کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندرووستی خەڵکی کوردستان هەیە، بۆیە ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین کێبڕکێی بەرهەمی هاوردە بکەین بە کوالێتییەکی زۆر بەرز بەرهەمەکانمان بخەینە بازاڕەوە و پاڵپشتی جووتیاران بکەن بڕیارماندا ئەم کارگانە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێری خۆمان بەرهەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە".