image

پەیامی کورد   ...  برێت مەکگۆرک بەرپرسی ‌هەماهەنگی کاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت ئەنجامدا

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 1/26 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە برێت مەکگورک، هەماهەنگی کاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا وە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، برێت مەکگورک، تیشکی خستە سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغدا و هەولێر و گفتوگۆکانی سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بوودجە و پرسەکانی دیکە. هەروەها جەختی لە گرینگی یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردەوە.

لە پەیوەندییەکەدا، هەروەها بڕیاری ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە ڕێگریکردن لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیار بوو لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستانەوە بنێردرێت تاوتوێ کرا. سەرۆکی حکوومەت، نیگەرانی خۆی لە دەرچوونی بڕیارەکە دەربڕی کە ئامانجی تێکدانی کەشی ئەرێنی و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە و مەبەستێکی سیاسی لە پشتە.

هەماهەنگی کاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پێشکەوتنەکانی کەرتی وزە و باشترکردنی ژێرخانی ئابووری و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا دووپات کردەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی نەهێشتنی هەموو بەربەستەکانی بەردەم گەشەپێدانی کەرتی ووزە و وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها هاوڕابوون لە سەر ئەوەی لە پەیوەندی بەردەوامدا بن.