image


پەیامی کورد... دادگا لەبارەی دۆسیەی کوژرانی قادر قادری بڕیاریدا

پارێزەری دۆسیەی کوژرانی قادر قادری لە هەولێر ڕایگەیاند: سێ لە تۆمەتباران لە دادگا سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و دوو دیکەشیان سزای بەندکردن بۆ ماوەی پێنج ساڵیان بۆ دراوە، بەڵام لەسەر تانەی ئەوان دادگا بڕیاری داوە ئەوانیش بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی سزا بدات.

ئەمڕۆ یەک شەممە ١٤ ی ئاب_ی ٢٠٢٢ ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی قادر قادری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"دەستخۆشی لە ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە تۆمەتبارانیان دەستگیر کرد و لە ١/٨/٢٠٢١ لە دادگای ٢ی تاوانەکان لە هەولێر سزای بەسەر تۆمەتباراندا سەپاند، سزای سێ لە تۆمەتبارەکان لەسێدارەدان بوو بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، دووی دیکەشیان بەگوێرەی ماددەی ٢٠٧، بە پێنج ساڵ بەندکردن سزا دران".

ئاماژەی بەوەش کرد: "وەک پارێزەرانی ئەو دۆسیە تانەمان لە بڕیارەکەدا و هەڵوەشێنرایەوە، چونکە ئەو تاوانە تەنیا کوشتن نییە، بەڵکوو تیرۆرە، بۆیە داوامان کرد بە ماددەی تیرۆر سزا بدرێن، دادگا بڕیاریدا هەر دوو تۆمەتبارەکەی دیکەش بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە سزادانی عێراقی سزا بدرێن".

قادر قادری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٨، کادیر و فەرماندەی پێشمەرگە لە حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە گوندی هەرتەل-ی دۆڵی بالیسانی کوژرا، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان چەند کەسێکیان بە تۆمەتی کوژرانی دەستگیر کرد و ڕادەستی دادگا کران.