image

پەیامی کورد     ...   ١١٥ هەزار فەرمانبەری دوو مووچەیی و ١٥ هەزار فەرمانبەری ناشایستەش بوونیان هەیە

ڕاوێژکاری ئابووری پەرلەمانی کوردستان ووتی، لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی ھەرێمی کوردستاندا پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەراندا کراوە و دەرکەوتووە کە ١١٥ ھەزار فەرمانبەر دوو مووچەیان ھەیە و ١٥ ھەزاریش ناشایستەن.

دکتۆر ئەرشەد تەھا، ووتی: "لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەرانی مەدەنی ھەموو وەزارەتەکان جگە لە سلکی سەربازی تەواو بووە و دەرکەوتووە کە ١١٥ ھەزار فەرمانبەر دوو مووچەیان ھەیە و ڕەنگە ھەمووی نایاسایی نەبێت، بۆیە بڕیارە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لێ بدات."

ڕاوێژکای ئابووری پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "جگە لەوەش، ١٥ ھەزار فەرمانبەر بە ناشایستە پلەیان وەرگرتووە و مووچە وەردەگرن، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمووی ئەمانە یەکلایی دەکاتەوە و بڕیاری کۆتایییان لێ دەدات.''

تەھا باسی لەوەش کرد: "ئێستا پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەرانی سلکی سەربازی بەگشتی دەستی پێ کردووە و بەردەوامە و حکوومەت چاوەڕێ دەکات ئەوانیش کارەکانیان تەواو بکەن، بۆ ئەوەی بڕیاری لێ بدرێت."

ووتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانیی بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بێت و دوای ئەوەی مووچە مانگانە و لە کاتی خۆی و بێ لێبرین دەدرێت ھەوڵ دەدات لە ماوەی داھاتوو پلەبەرزکردنەوەش دەست پێ بکاتەوە و ھەر مووچەخۆرێک بەپێی مافی خۆی پلەی پێ بدرێت و بۆی بەرز بکرێتەوە."