
پەیامی کورد... لە هەولێر ١٣ بەنزینخانە بەهۆی خراپی کوالێتیی بەنزینەوە سزادران
پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە تاوەکوو ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە ١٣ بەنزینخانە لەلایەن لیژنەکانی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکانەوە لە پارێزگای هەولێر سزا دراون.
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەم هەفتەیەدا لیژنەکانی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان، پشکنینیان بۆ ٥٥ وێستگە کردووە و ١٣ بەنزینخانە بەهۆی دەستکاریکردنی کوالێتیی بەنزین و خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن، سزادراون و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتە بەر.
باس لەوەش کراوە، لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانەیەک، کە بەنزینی خراپ بفرۆشێتە هاووڵاتییان و دەستکاری کوالێتییەکەی بکات.