image


پەیامی کورد … پەناخوازێکی دیکەی کورد لە بیلاڕووس گیانی لە دەست دا

پەناخوازێکی کوردی خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان لە سنووری بیلاڕووس و پۆڵەند )لەهیستان) بە هۆی سەرماوە گیانی لەدەست دا.

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) پەناخوازێک بە ناوی بەختیار موسازادە تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی سەلاسی باوەجانی لە سنووری بیلاڕووس و پۆڵەندا بە هۆی سەرماوە گیانی لەدەست دا.

بنەماڵەی بەختیار موسازادە لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی و لە کاتی شەری ئێران و عێراق لەگەڵ سەدان بنەماڵەی دیکە ئاوارەی عێراق بوون و لە کەمپی ئاڵتاش سەربە پارێزگای ڕومادی نیشتەجێ کران.

ساڵی ٢٠٠٥ و دوای ڕووخانی حکوومەتی سەدام حوسێن ئەم بنەماڵانە گوازرانەوە بۆ کەمپەکانی تایبەت بە پەناخوازەکان لە سلێمانی ، کەلار و هەولێر و بنەماڵەی بەختیار لە کەمپی باریکە لە نزیکی سلێمانی بە ناوی کەمپی باریکە نیشتەجێ بوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٧٢١ تا ئێستا )لە سەرەتای بەهارەوە) لانیکەم ٧ پەناخوازی کوردی خەڵکی کرماشان، سەلاسی باوەجانی، مەریوان (٣ کەس) و سەردەشت (٢ کەس) لە کاتی چوون بۆ ئەورووپا گیانیان لەدەست داوە کە دوو کەسیان ژن بوون.