image


پەیامی کورد … پەناخوازێکی دیکەی کورد لە یۆنان گیانی لە دەست دا

 

پەناخوازێکی مەریوانی کە نزیکەی دو وحەوتوو پێش ئێستا لە وڵاتی یۆنان لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا بریندار ببوو، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١، پەناخوازێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی “ڕامین شەریفت” کە ١٨ ڕۆژ پێش ئێستا لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە وڵاتی یۆنان بە سەختی بریندار ببوو، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە گیانی لە دەست دا.

 

ڕامین شەریفی کاتژمیر ٦ی بەیانی ڕۆژی شەممە ٥ی حوزەیران، بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری پەناخوازان لە شاری “کاوالا”ی وڵاتی یۆنان لە گەڵ پەناخوازێکی دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوی لوقمان ئەحمەدی بریندار ببوون.

 

جێگای ئاماژەیە کە لەو ڕووداوەدا دوو پەناخوازی دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی  “موحسین ئەحمەدی” و “ڕزگار قوربانی” دەستبەجێ گیانیان لە دەست دا. تەرمی ئەو دوو کەسە چەند ڕۆژ پێش ئێستا گەڕێندرایەوە بۆ زێدەکەی خۆیان کە حکوومەتی ئێران لە بری گەڕاندنەوەی هەر تەرمێک ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە بنەماڵەکانیان وەرگرتووە.

 

یەکێک لە پەناخوازەکان ڕایگەیاندبوو کە، پۆلیسی یۆنان شوێنی ئۆتۆمبێلی هەڵگری ئەو پەنابەرانە کەوتووە و ئۆتۆمبێلەکەش بە هۆی خێرایی زۆرەوە وەرگەڕاوە.