image

پەیامی کورد     ...     گۆڕانکاری گرینگ لە کەرتی پەروەردەدا دەکرێت

پڕۆژەیاسای پەروەردە، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و بڕیارە لە مانگی ئاداری داھاتوودا پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکات، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردەش دەڵێ، بەپێی پڕۆژەیاسای پەروەردە، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دا دەکرێت.

د. گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: "پڕۆژەیاسای پەروەردە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئامادە کراوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە لە پەرلەمان، بڕیارە دوای دەستپێکردنی وەرزی بەھارەی پەرلەمانیش لە سەرەتای مانگی ئاداری داھاتوودا، خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، ھەردوو لیژنەی یاسایی و پەرورەدەش سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتن لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە".

بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە ووتیشی، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە، گۆڕانکاریی زۆر لە کەرتی پەروەردەدا روودەدات و ئەوەی تا ئێستا بە بڕیار و رێنمایی دەکرا، لەمەودوا بەپێی یاسا کەرتی پەروەردە بەڕێوە دەبرێت.

عوبێد ئاشکراشی کرد، بەپێی پڕۆژەیاسای پەروەردە، یەکێک لەو گۆڕانکاریانەی لە کەرتی پەروەردەدا دەکرێت، تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەییە، کە پێشنیاز کراوە لەنێو پڕۆژەکەدا قوتابی ٢٠ نمرە لە پۆلی ١٠ ی ئامادەیی و ٢٠ نمرەش لە پۆلی ١١ ی بۆ ھەژمار بکرێت و تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ لەسەر ٦٠ نمرە دەبێت، بەڵام شێوازی وەڵامدانەوە ھەر بە ھەڵبژاردن دەمێنێتەوە وەک ئێستا.