image


پەیامی کورد... کونسوڵخانەی گشتی هەولێر ئامانجی سەردانەکەی باڵیۆزی ئەمریکا ئاشکرا دەکات

کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە شاری هەولێر ئامانجی سەردانەکەی شاندی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، ئەلینە ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کرد بۆ جەختکردنەوە لە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پێشخستنی ئاسایش و سەروەری و دیموکراسی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

ڕاشیگەیاندوە، ڕۆمەناوسکی و سیناتۆر لینزی گراهام لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پاشان بە هاوڕێیەتی ڕۆبێرت پاڵەدینۆ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە، هەر لەمیانی سەردانەکەشیدا لەگەڵ شێری تاڵەبانی سەرۆکی دامەزراوەی سید کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پشتیوانی سید بۆ ئەو گروپانەی لە بارودۆخی ناجێگیردان.

کونسوڵخانەکە ئاماژەشیکردوە، باڵیۆز ڕۆمەناوسکی سەردانی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر کرد کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دارایی کراوە و لەگەڵ ژنانی دەرچوی پرۆگرامە ئاڵوگۆڕەکانی ئەمریکا کۆببۆتەوە بۆ دەربڕینی پشتیوانی بۆ کۆمەڵگاکەیان و دەستپێشخەریەکانیان لە بواری کار و بزنسدا.