image



پەیامی کورد … وتەبێژی حكوومەت: ئیدانەی ئەو بێ ڕێزیانە دەکەین کە لە سلێمانی بەرامبەر ئاڵای کوردستان کرا

وتەبێژی حكوومەت رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو بێ ڕێزی و سووکایەتییە دەکات کە لە لایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر ئاڵای پیرۆزی کوردستان کرا، ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سووکایەتییە دەگرێتەبەر.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نۆڤێمبەری 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکە، بابەتی ناڕەزایی قوتابیان وخوێندکارانی زانکۆ وپەیمانگاکان تاووتوێ کرا، کە ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا، پوختەی بابەتەکەی خستەڕوو بۆ ئەنجومەن، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەکان و دۆخی قوتابیان وخوێندکارانی زانکۆ وپەیمانگەکان.

هاوكات ئەنجومەنی وەزیران، بە توندترین شێوە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو بێ ڕێزی و سووکایەتییە دەکات کە لە لایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر پیرۆزییەکانی هەرێم و ئاڵای پیرۆزی کوردستان کرا، ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سووکایەتییە دەگرێتەبەر، هەروەها پەلاماردان و سووکایەتیکردن بە هێزە ئەمنییەکان و ئەنجامدان و تێکدان و وێرانکاری دامەزراوەکانیش، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات.