image


پەیامی کورد … ئێران جارێكی تر هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا هەڕەشەی هێرشی زەمینی دەكات بۆسەر ناوچەكانی سنوری هەرێمی كوردستان بۆ لێدانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

(ئیرەج مەسجدی) لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی فەرمی عێراقییە دەڵێت، پێویستە هەرێمی كوردستان ڕێگەنەدات ئەو گروپانەی لەسەر سنورن ئێران بكەنە ئامانج و جەختی كردەوە ئێمە چەندین جار داوامان لە هەرێم و حكومەتی ناوەندی كردووە ئەو كارانە ڕابگرن، بەڵام بەداخەوە هێشتا ئەو گروپە دژە شۆڕشانە سنور دەبەزێنن و كاری تیرۆرستی دەكەن و دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.

ڕوونیشیكردەوە كە پێویستە ئەوە ڕابگیرێت، ئەگەرنا كۆماری ئیسلامی ئێران ناچار دەبێت كردەی سەربازی دژی ئەو گروپانە ئەنجام بدات.

ئیرەج مەسجدی وتیشی : ئێمە بە هیچ شێوەیەك نامانەوێت ناوچە سنورییەكان و هەرێمی كوردستان توشی زیان بن.

داواشی لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كرد، ئەو كێشەیە بە شێوەیەكی جدی چارەسەر بكەن.

چەند ڕۆژێك پێش ئێستاش سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی عێراق هۆشداری دایە حكومەتی هەرێم و عێراق و وتی، ئەگەر حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەكەنە دەرەوە، ئەوا خۆیان ئەو كارە دەكەن و لە هێرشە موشەكییەكانیشیان بەردەوام دەبن.

(موحەمەد حوسێن باقری)، سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران ڕایگەیاندبوو، بەداخەوە كەمتەرخی هەرێمی كوردستانی عێراق و لاوازی حكومەتی عێراق بەهۆی بوونی ئەمریكاوە، بۆتە هۆی بوونی حزبە كوردییەكانی دژی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێم و چاڵاكیان لە دژمان هەیە.