image

چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان لەو پەڕی بێهیواییە و هەرچەندە بە ڕواڵەت وانیشان دەدەن کە کێشەکان کەمتر بوونەتەوە، بەڵام کێشەکانی تا ئاستی هەڕەشە و تۆقاندنی یەکتر هەڵکشاوە . سەرکردەیەکی ئەم حزبەش ڕایدەگەینێت کە بە کۆنگرەش هەموو کێشەکانیان چارەسەر نابن.

هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا و بەهۆی کۆبوونەوەی بەرژەوەندییەکانی باڵەکانی یەکێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، وادەرکەوت کە کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکە بەرەو کەمبوونەوە بڕۆن ، بەڵام دواتر دەرکەوت کە هەر ئەو پۆستە و خودی بەرهەم ساڵح کە ”بە سەفقەیەکی گوماناوی“ وەک خۆی پێشتر وەسفی کردووە، پۆستەکەی دەستکەوت، بوو بە سەرەتای دەرکەوتنی کێشەیەکی دیکەی گەورە لە نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی لەلایەک و لایەنگرانی بەرهەم ساڵح لەلایەکی دیکەوە، گەیشتە ئاستێکیش کە لە سەر شاشەی میدیاکان و ڕاگەێندراوە فەرمییەکان، سووکایەتی بە یەکتر بکەن و دۆسیە کۆنەکانی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان هەڵبدەنەوە. بەو هۆیەشەوە لایەنگرانی حزبەکە هێندەی تر لە چارەسەربوونی کێشەکانیان بێهیوا بوون. لە کاتێکدا هێشتا چاویان لەوەیە کۆنگرەی حزبەکە ئەنجام بدرێت.

لەمبارەیەوە مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی " ی ن ک " ڕایگەیاند کە ”ھێشتا کاتی کۆنگرە دیاری نەکراوە، بەڵام ھەموومان لە ناو خۆماندا قسەی لەسەر دەکەین، پێش ھەر شتێکیش بڕیاری کۆنگرە بەدەست کۆمیتەی سەرکردایەتییەوەیە و هەروەها ووتی : هیوایەکی گەورە بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی یەکیتی نییە و دەڵێت: ”ھیچ کۆنگرەیەک ناتوانێت ھەموو کێشەکان چارەسەر بکات“، “.