
پەیامی کورد... گەشتوگوزاری سلێمانی: لە ماوەی ١٠ رۆژدا ٨٥ هەزار گەشتیار روویان لە سلێمانی کردووە
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی ١٠ رۆژی مانگی ئازاردا نزیکەی ٨٥ هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە و ئەگەری هەیە ئەو ژمارەیە بگاتە ١٠٠ هەزار گەشتیار. دەشڵێت، "زۆربەی گەشتیاران هاوڵاتی عێراق و رۆژهەڵاتی کوردستان بوون."
ئارام شوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا راگەیاند، لە رێکەوتی ١٣ بۆ ٢٣ی ٣ی ٢٠٢٣نزیکەی ٨٥ هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە.
وڵاتێکی ناتۆ: ئەگەر پوتین سەردانی وڵاتەکەمان بکات دەستگیری ناکەین
ئاماژەی بەوەشدا، زۆربەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی پارێزگای سلێمانیان کردووە بە پلەی یەکەم هاوڵاتییانی ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بوون و لە پلەی دووەمیش هاوڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
ئارام شوانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە هەمان وادەی ساڵی رابردووش نزیکەی ٩٠ هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە، ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەی گەشتیارانی ئەمساڵیش بگاتە ئەو رێژەیە.
وتیشی، "پێشبینی دەکەین ژمارەی گەشتیاران لە پارێزگای سلێمانی بگاتە ١٠٠ هەزار گەشتیار."
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی باسی لەوەشکرد، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە دوو هێندەی شارەکانی دیکەیە و ئەوەش بەهۆی بەڕێوەچوونی دیداری سلێمانی کە تێیدا زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیای عێراقی و ئێرانی بانگهێشت کرابوون.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە دیدارەکەدا دەیان گرێبەستی نوێی هێنانی گەشتیاران لە نێوان کۆمپانیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و عێراق سازکرا تاوەکو چەندین کۆمپانیای گەشتیاری بنکەکانیان لە پارێزگای سلێمانی دامەزرێنن.