
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکیتی نیشتمانی کوردستان کە خاوەن پێگەیەکی جەماوەری بەرفراوانە لە ناو کۆمەڵگادا ، بەهۆی نزیکبوونەوەی لە پاڤێڵ تاڵەبانی کە پێشتر بە یەکێک لە سەرانی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر لەلایەن سەرکردە باڵاکانی حزبەکەوە لەقەڵەم دراوە، لەنێو جەماوەرەکەیدا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان ، پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی چەند جموجووڵێکی لەگەڵ پاڤێڵ تاڵەبانی ئەنجام دا و لە چەند پرسێکدا تەنانەت وەک کەسێکی خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە دەرکەوت، جەماوەری کۆسرەت ڕەسوڵ نیگەران بوون و پێیانوایە دوای ساڵانێکی دوور و درێژ کە ململانێی نێوان باڵەکانی یەکیتیدا و هەوڵدانی کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ پاراستنی ئەو باڵەی خۆی کە بەردەوام لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە هەڕەشەی پەراوێزخستنیان لەسەر بووە، لە کۆتاییدا خۆی بەدەستەوە داوە و بڕیاری حزبەکەی بۆ ئەو کوڕەی تاڵەبانی جێهێشتووە کە ساڵێک لەمەوبەر بەهەموو شێوەیەک لە میدیاکانەوە پەلاماریان دەدا و لە کاتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریشدا هێزەکانیان لە پشتەوە پەلاماری هێزەکەی کۆسرەت ڕەسوڵیان دا.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ناو یەکیتی لە باڵەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ ، ڕایگەیاند، ئەگەر دۆخی ئێستای یەکیتی بەو شێوازە بەردەوام بێت، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پێگەی جەماوەری کۆسرەت ڕەسوڵ دەتوێتەوە و حزبەکەش بە شێوەیەک کۆتایی بە حزبەکەی بنەماڵەی تاڵەبانی دێنێت.
ئەوەشی نەشاردەوە کە هەرچەندە ئەگەری ئەوە هەیە لەم خولەی حکوومەت یان لە پۆستەکانی ناوخۆی یەکیتیدا، کوڕەکان و بەشێک لە بەرپرسانی نزیک لە کۆسرەت ڕەسوڵ پۆستیان هەبێت، بەڵام لە حاڵەتی نەمانی پێگە جەماوەرییەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەو بەرپرسانەی لێیەوە نزیکن بە تەواوی لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە پەراوێز دەخرێن.