
پەیامی کورد ... بەرشەلۆنەی ئیسپانی دڵنیایە لە گەڕانەوەی پیپ گواردیۆلا .
رۆژنامه‌كانى ئینگلته‌را ئاشكرایانكردوه، یانه‌ى به‌رشه‌لۆنه‌ى ئیسپانى دڵنیایه له‌وه‌ی ده‌توانێت پیپ گواردیۆلا راهێنه‌رى ئێستاى یانه‌ى مانچسته‌رسیتى بگه‌ڕێنێته‌وه ڕیزه‌كانى.
رۆژنامه‌كانى ئینگلته‌را له راپۆرته‌كانیاندا باس لهوهدهكهن، به‌رشه‌لۆنه ده‌یه‌وێت گواریۆلا بگه‌ڕێنێته‌وه بۆئه‌وه‌ى دووباره بیكاته‌وه به راهێنه‌ر و دڵنیاشه له‌وه‌ى تواناى ئه‌و كاره‌ى هه‌یه.
له‌وباره‌یه‌وه رۆژنامه‌ى "ساندەی تایمز" ئه‌وه‌ى بڵاوكردوه‌ته‌وه، بارودۆخى ئێستاى مانچسته‌رسیتى، به‌رشه‌لۆنه‌ى هانداوه بۆئه‌وه‌ى هه‌وڵى گه‌ڕانه‌وه‌ى گواردیۆلا بدات، چوونكه له‌ئێستادا یانه ئینگلیزییه‌كه به‌هۆى پێشێلكردنى یاساكانى "یارى پاك" كه یه‌كیتی تۆپى پێى ئه‌ورووپا بڕیاری لێداوه سزاى راگرتنى له پاڵه‌وانێتییه ئه‌ورووپیه‌كاندا بۆ دوو وه‌رز به‌سه‌رداسه‌پێنراوه.
لاى خۆیشیه‌وه مانچسته‌رسیتى له دادگاى وه‌رزشى نێوده‌وڵه‌تى تانه‌ى له بڕیاره‌كه داوه و چاوه‌ڕێى بڕیارى كۆتایى دادگاكه ده‌كات.
دواى رۆیشتنى پیپ گواردیۆلا و ده‌ستبه‌رداربونى له پۆستى راهێنه‌رى به‌رشه‌لۆنه، ئه‌و یانه‌یه به بارودۆخێكى سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت و ته‌نها یه‌ك جار توانیویه‌تى خولى یانه پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا به‌ده‌ستبهێنێت ئه‌ویش له‌ساڵى ٢٠١٥دا بوو، هه‌روه‌ها ئه‌مساڵیش نزیكه له‌وه‌ى خولى تۆپی پێی ئیسپانی له‌ده‌ستبدات.