پەیامی کورد- دیمەشق... شەرع: دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و ئەمریکاش لەم دانوستانانەدا لەگەڵمان بەشدارە
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، دوێنێ شەممە ڕایگەیاند کە دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش لەم دانوستانانەدا لەگەڵمان بەشدارە، هەروەها هەموو وڵاتان پشتیوانی لە داواکارییەکەمان دەکەن بۆ کشانەوەی ئیسرائیل بۆ پێش هەشتی کانوونی یەکەم.
ناوبراو لە میانی وتارێکدا کە لە کۆڕبەندی دەوحە پێشکەشی کرد، وتی: "ئیسرائیل کار دەکات بۆ گواستنەوەی قەیرانەکان بۆ وڵاتانی دیکە و هەڵاتن لەو کۆمەڵکوژیانەی لە کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات، لە کاتێکدا سوریا لە دوای ڕزگارکردنەوە، پەیامی ئەرێنی ناردووە بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەیی".
شەرع ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئیسرائیل بە توندوتیژییەکی زۆرەوە ڕووبەڕووی سوریا بووەتەوە و زیاتر لە هەزار هێرشی کردووەتە سەر و ٤٠٠ جار سنووری خاکەکەی بەزاندووە".
وتیشی: "لەگەڵ وڵاتە کاریگەرەکانی جیهان کار دەکەین بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل تا لەو ناوچانە بکشێتەوە کە لە دوای ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە داگیری کردوون، و سەرجەم وڵاتانیش پشتیوانی لەم داواکارییەی ئێمە دەکەن".
ڕوونیشی کردەوە کە "داواکاریی ناوچەی داماڵراو لە چەک پرسیاری زۆری لەسەرە، کێ ئەم ناوچەیە دەپارێزێت ئەگەر سوپای سوریا لەوێ ئامادەیی نەبێت؟".