پەیامی کورد- قامیشلۆ... مەزڵووم عەبدی: سوریای نوێ لەبەردەم دووڕیانێکدایە
ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند کە لەوەتەی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) کەمکردووەتەوە و هەڵیوەشاندووەتەوە، هێزەکانیان خاوەنی ژمارەیەکی زۆر کەمتر لە هێزی کار و پشتیوانیی مرۆیین بۆ بەڕێوەبردنی کەمپی هۆڵ بۆ ئاوارەکان، کە هەزاران خێزانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" لەخۆ دەگرێت.
عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "جەروزالێم پۆست"ی ئیسرائیلی وتیشی: "هاوکارییەکان کەمبوونەتەوە و ژمارەی کارمەندانی ئاسایش دابەزیوە، ئەمەش وایکردووە ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات ناچار بن بۆ پاراستنی ئاسایشی کەمپەکە، ئەو پێداویستییانە لەسەر بودجەی خۆمان دابین بکەن".
ڕوونیشیکردەوە: "لێرە ژمارەیەکی کەمتر لە ڕێکخراوە ناحکومییەکانمان هەیە بۆ پشتیوانیی ئەرکەکە، و لەسەر بودجەی هەسەدە دەبێت هێز دابین بکەین و کەمپەکە بپارێزین، سەرەڕای کەمیی سەرچاوە پێویستەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆمان".
فەرماندەی هەسەدە وتی: "پێش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لێرە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕووبەڕووی مەترسیی داعش بووینەوە، بەڵام ئێستا هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و خێزانەکانی داعش و شانە نووستووەکانیان لێرە چالاکن، و هێشتا لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر هێزەکانمان لە ڕەققە و دێرەزوور و ناوچەکانی دیکە، سەربازەکانمان لەدەست دەدەین".
ئاماژەی بەوەشدا: "زیاتر لە ٢٦ ناوەندی دەستبەسەرکردن و سێ زیندانی سەرەکیمان هەیە کە نزیکەی ١٠,٠٠٠ زیندانی لە چەکدارە نێرینەکانی داعش لەخۆ دەگرن. زیندانە سەرەکییەکان دەکەونە ئێرە لە حەسەکە، کە هەر یەکێکیان ٣,٠٠٠ بۆ ٤,٠٠٠ زیندانی تێدایە، جگە لە زیندانەکانی دیکە لە ڕەقە کە ١,٥٠٠ زیندانی و لە قامیشلۆ ١,٠٠٠ زیندانی لەخۆ دەگرن، ئەمانە چەکداری زۆر مەترسیدارن".
ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی سوپاسگوزاریی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی و وتی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات زۆر سوپاسگوزارن بۆ ئەو پشتیوانییەی نێچیرڤان بارزانی پێشکەشی دەکات، ئێمە زۆر قەرزبارین، بەڵام هێشتا بوار هەیە بۆ ئەوەی هەوڵی زیاتر بدرێت".
لەلایەکی ترەوە، عەبدی ڕایگەیاند کە سوریای نوێ لەبەردەم دووڕیانێکی گرنگدایە و لە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا. و وتی: سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت "سوریا جارێکی تر مەزن بکاتەوە، بۆ ئەوەش دەبێت پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بکات". هەروەها جەختی کردەوە کە پێویستییەکی زۆر بە هاوکاریی ئەمریکا هەیە بۆ بەدیهێنانی لامەرکەزییەت لە دەسەڵاتی سوریادا.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، فەرماندەی هەسەدە وتی: "ڕێککەوتنێکی سەرەتاییمان هەیە کە لە ناوخۆدا بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار ناسراوە، ئامانج لێی تێکەڵکردنی پێکهاتە سەربازی و مەدەنییەکانە لە دەوڵەتی نوێدا و مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی سەرتاسەرییە".
ڕوونیشیکردەوە: "ڕێککەوتین لەسەر هێشتنەوەی سێ فیرقە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و دوو کەتیبەی تایبەت، کە یەکێکیان تەرکیز دەکاتە سەر ئاسایشی سنوور و ئەوی دیکەشیان کەتیبەی ژنانە، هەمووشمان بەشێک دەبین لە وەزارەتی بەرگری. ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان گرنگی ئەم بابەتە بۆ ئێمە دەزانێت بۆ پاراستنی سەلامەتیمان و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای سوریا".
وتیشی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی کردووە بە تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات. لێرە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ١٠٠ هەزار سەربازمان هەیە، کە ٧٠ هەزاریان شەڕڤانن و ٣٠ هەزاریشیان پۆلیس و ئاسایشن، ئەوان بەرپرسی یەکەمن لە پاراستنی ناوچەکانیان".
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاڵنگاریی گەورە لەبەردەم تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سوریادا هەیە و وتی: "چۆن دەتوانین کەتیبەی ژنان تێکەڵ بکەین؟ هیچ کەتیبەیەکی ژنان لە بەرگریی سوریادا بوونی نییە، و ئێمەش ناتوانین شەڕڤانە ژنەکانمان جیابکەینەوە".