پەیامی کورد ... ناتانیاهوو : ئەمریکا بەربەستی کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەبوو؛ ئامانجەکانمان بەدی هات و دواتر شەڕەکە کۆتایی هات
بێنیامین ناتانیاهوو ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنی ئوسترالیایی، ئەو بانگەشانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمریکا دەستوەردانی لە وەستاندنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دا کردووە.
ناوبراو ووتی : “ئامانجی تایبەتمان بۆ ئەم شەڕە دانابوو، دوای گەیشتن بەو ئامانجانە، شەڕەکە کۆتایی هات”.
ناتانیاهوو ڕوونیشی کردەوە، ئامانجەکانی ئیسرائیل بریتی بوون لە هێرشکردنە سەر شوێنە ئەتۆمییەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و چەند شوێنێکی ستراتیژی دیکەی ئێران. جەختیشی لەوە کردەوە کە لەگەڵ گەیشتن بەو ئامانجانە پێویستی بە درێژەدان بە شەڕ نەكرد.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا "یەک هێرشی ئەگەری دیکە" لە پلانەکانی جەنگدا هاتووە و ووتی : "ئیسرائیل نە وەستا و نە مەبەستی بوو لە پلانەکانی لابدات".