پەیامی کورد- سەرێکانی... هاتنەناوەوەی کاروانێکی سەربازیی تورکیا بۆ شاری سەرێکانی
سەرچاوە خۆجێییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە بە پەیامی کوردیان ڕاگەیاند کە کاروانێکی سەربازی لە ڕێگەی دەروازەی عەدوانیەوە، کە دەکەوێتە گوندەواری ڕۆژئاوای شارەکەوە، گەیشتووەتە شاری سەرێکانی لە گوندەواری حەسەکە.
شاری سەرێکانی لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە تا ئێستا لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکاندایە کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، ئەوەش سەرەڕای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد پێش ساڵێک.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە، ئەو کاروانەی لە دەروازەی عەدوانیەوە هاتووەتە ناوەوە، لە زیاتر لە ٢٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی قورس و مامناوەند پێکهاتووە. هێزەکانی تورکیا بەزۆری تەنها ئەو دەروازەیە بەکاردەهێنن چونکە تایبەتە بە خۆیان و دەکەوێتە ٤٥ کیلۆمەتریی ڕۆژئاوای سەرێکانی.
ئاماژەیان بەوەش کرد کە جموجۆڵە سەربازییەکان لەم کاتەدا نامۆ بوون، چونکە بەزۆری لە کاتی ڕۆژدا و بە ژمارەیەکی زۆر کەمتر لەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانەی کە ئەمشەو هاتنە ژوورەوە، هاتوچۆی ناو شارەکەیان دەکرد.