پەیامی کورد- قامیشلۆ... هەسەدە ڕایگەیاند هێزەکانی لەلایەن درۆنێکی تورکیاوە لە گوندەواری حەلەب کراونەتە ئامانج
هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە خاڵێکی سەربازیی هێزەکانیان لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکییەوە لە شاری "مەسکەنە" لە گوندەواری حەلەب کراوەتە ئامانج.
هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا کە لە پەیجە فەرمییەکانی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی پەرەسەندنە بەردەوامەکاندا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە جۆری 'بەیرەکتار' خاڵێکی سەربازیی هێزەکانمانی لە شاری مەسکەنە کردە ئامانج، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە."
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمە "دووەم هێرشە لە ماوەی ئەمڕۆدا، کە نیشانەی پەرەسەندنێکی مەترسیدار و بەردەوامە لە ناوچەکەدا."
هەروەها ڕوونی کردەوە کە "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە جۆری بەیرەکتار، خاڵێکی سەر بە هێزەکانمانی لە گوندی 'ئەلبوعاسی' لە گوندەواری شاری تەبقە پێکاوە."
هەسەدە ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە بووەتە هۆی "برینداربوونی چەند شەڕڤانێکمان و بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە"، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمە "سێیەم هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیایە لە ماوەی یەک هەفتەدا."
لە کۆتاییدا هاتووە کە هێزەکانیان "ڕووبەڕووی هەوڵێکی دزەکردن بوونەتەوە کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لەسەر میحوەرێ گوندی 'زوبێدە' لە گوندەواری باشووری دێرحافر ئەنجامدراوە، کە تێیدا هێرشبەران دوای شکستهێنانی هەوڵەکەیان ناچار بە هەڵاتن بوون، ئەوەش لەژێر سایەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بە بەکارهێنانی چەکی ڕەشاش."