جیهان حەنان، هاوسەرۆکی کەمپی هۆڵ، دوێنێ دووشەممە بە پەیامی کوردی ڕاگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق، 240 خێزانی عێراقی کەمپەکەیان لە باشووری حەسەکە بەجێهێشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوایین گروپی خێزانە عێراقییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ UNHCR و حکومەتی عێراق کەمپەکەیان بەجێهێشتووە.
ڕوونیشیکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانەوە، ئەمە 31هەمین گەشتی لەو شێوەیە بووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ 858 کەس بەڕێکەوتوون، بەسەر 240 خێزاندا دابەشکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: “لە ماوەی داهاتوودا گەشتی زیاتر ڕێکدەخرێت، بەو پێیەی هێشتا نزیکەی سێ هەزار عێراقی ئاوارە لە کەمپەکەدا ماون، بەڵام هێشتا وادەی گەشتی داهاتوو دیاری نەکراوە”.
هاوسەرۆکی کەمپەکە ئاماژەی بەوەدا کە "ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە عێراقییەکان لە ئێستادا ئارەزووی ئەوە ناکەن بچنە دەرەوە، ئەمەش تەحەددایەک بۆ ئیدارەی کەمپەکە دروست دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بابەتە لەگەڵ حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیدارەی خۆسەر تاوتوێ دەکرێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی گونجاو.