مقاوەمەى ئیسلامى: لە رێگەى درۆنەوە پێگەیەکى گرنگى ئیسرائیلمان کردەئامانج

مقاوەمەى ئیسلامى: لە رێگەى درۆنەوە پێگەیەکى گرنگى ئیسرائیلمان کردەئامانج

مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق، بەئامانجگرتنى پێگەیەکى لەشارى ئیلاتى ئیسرائیل راگەیاند و ئاماژەى بەوەداوە، "لە تۆڵەى کۆمەڵکوژییەکانە دژى هاوڵاتیانى سڤیلى فەڵەستین".

مقاوەمەى ئیسلامى لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "لە رێگەى درۆنەوە ئامانجێکى گرنگى ئیسرائیلمان لەشارى ئیلاتى داگیرکراو کردووەتەئامانج".

روونیشکراوەتەوە، "ئەوەش لە بەردەوامى بەئامانجگرتنى پێگەکانى دوژمن لەچوارچێوەى قۆناغى دووەمى پرۆسەکانى بەرگریى دژى داگیرکەر و سەرخستنى گەلەکەمان لە کەرتى غەززە".

بەگوێرەى هەمان راگەیەندراو، "هەروەها هێرشەکە لە تۆڵەى ئەو کۆمەڵکوژیانەیە دژى هاوڵاتیانى سڤیل لە فەڵەستین ئەنجامدەدرێن، هەروەها پێشێلکارییەکانى ئیسرائیل بەرامبەر سەروەریى عێراق و بەئامانجگرتنى سەربازگەکانى حەشدى شەعبى".

بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممە، چەند تەقینەوەیەکى بەهێز لە سەربازگەى کالسۆ لە پارێزگاى بابل کە بارەگاى حەشدى شەعبییە روویدا و بەگوێرەى زانیارییەکان بەهۆى بۆردوومانەوە بووە، هاوکات سوپاى ئەمریکا و هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیش رەتیانکردەوە، ئەوان بۆردوومانەکەیان ئەنجامدابێت.