پەرلەمانی ئەورووپا بڕیارنامەیەکی بێ وێنەی دژی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد

Dîroka Belavkirin :
پەرلەمانی ئەورووپا بڕیارنامەیەکی بێ وێنەی دژی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد
  • پەرلەمانی ئەورووپا بڕیارنامەیەکی بێ وێنەی دژی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد

پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینە بڕیارنامەیەکی بێ وێنەی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەرکرد؛ بڕیارنامەیەک کە ئاماژە بە چڕبوونەوەی فشارە سیاسییەکانی یەکیتی ئەورووپا لە کاردانەوە بە سەرکوت، لەسێدارەدان و پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دا دەكات.

بە پشت بەستن بەم بڕیارنامەیە، پەرلەمانی ئەورووپا بە ڕاشکاوی خوازیاری گۆڕانکاری لە ڕوانگەی یەکیتی ئەورووپا بەرامبەر بە حکوومەتی ئێران بوو و جەختی لە سەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی کردەیی و خێرا کردەوە.

تەوەرە سەرەکییەکانی بڕیارنامەکە:
1. داواکاری فەرمی خستنە ناو لیستی تیرۆری سوپای پاسداران لە لایەن یەکیتی ئەورووپا
2. پێداگری لەسەر دەرکردنی باڵوێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە پایتەختەکانی ووڵاتانی ئەورووپایی
3- هۆشداری جیددی سەبارەت بە پێویستی دەست بەجێ ڕاگرتنی لەسێدارەدان و کوشتنی خۆپیشاندەران و سەرکوتی تووندوتیژیانەی خەڵک

هەروەها لە بڕیارنامەکەی پەرلەمانی ئەورووپادا پێداگری لەسەر دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە یەکیتی ئەورووپا کراوە.

هەروەها یەکیتی ئەورووپا لە بڕیارنامەی دژ بە ڕێژیمی ئێران دا ڕێکاری پێویست بۆ پێشگرتن لە سنووردارکردنی ئینتەرنێت لەلایەن ڕێژیمی تارانی پەسەند کردووە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دا لەوبارەوە نووسیویەتی: "لە تاران ەوە هەتا دڵی ئەورووپا، پەیامەکە ڕوونە، ئێران دەبێت ئازاد بێت و ئێران ئازاد دەبێت".

ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لەو پەیامەیدا پێداگرە لەسەر ئەوەی کە پەرلەمانی ئەورووپا بەشێوەی بەربڵاو پشتیوانی لە داخوازییەکانی خەڵکی ئێران دەکات و خوازیاری ڕاگرتنی سەرکوت و لەسێدارەدانەکان، ئازادی بەندکراوان و سزادانی سەرکوتکەرەکانە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا هەروەها نووسیویەتی: "خەڵکی ئێران تەنیا نین، تەنانەت لە کاتی بڕینی ئینتەرنێت و پچڕانی پەیوەندییەکان دا، ئێمە دەنگی خەڵکی ئێران دەبیستین".