حکومەتی سووریا و هەسەدە لەسەر درێژکردنەوەی ڕاگرتنی تەقە ڕێککەوتن

Dîroka Belavkirin :
حکومەتی سووریا و هەسەدە لەسەر درێژکردنەوەی ڕاگرتنی تەقە ڕێککەوتن
پەیامی کورد... حکومەتی سووریا و هەسەدە لەسەر درێژکردنەوەی ڕاگرتنی تەقە ڕێککەوتن

ئاژانسی "فەرەنسا پرێس" (AFP) ڕۆژی شەممە لە زاری سێ سەرچاوەوە گواستییەوە، کە حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەسەر درێژکردنەوەی ڕاگرتنی تەقە ڕێککەوتوون، کە بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتایی بێت.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە دیمەشق بە "فەرەنسا پرێس"ی ڕاگەیاندووە کە درێژکردنەوەی ڕاگرتنی تەقە بۆ "ماوەیەک دەبێت کە ڕەنگە لە زۆرترین حاڵەتدا بگاتە یەک مانگ".

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی حکومیی سووریا بە هەمان ئاژانسی ڕاگەیاندووە کە ڕێککەوتنەکە "بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ ماوەی مانگێک" درێژ دەکرێتەوە، و ڕوونی کردووەتەوە کە "تەواوکردنی پرۆسەی گواستنەوەی دەستبەسەرکراوانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) یەکێکە لە هۆکارەکانی پشت ئەم درێژکردنەوەیە".

سەرچاوەیەکی کوردیی ئاگادار لە دانوستانەکان بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە کە ماوەی ڕاگرتنی تەقە درێژ دەکرێتەوە "تا ئەو کاتەی دەگەنە چارەسەرێکی سیاسی کە جێگەی ڕەزامەندی هەردوولا بێت".

سەرچاوە کوردییەکە وتی، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چوارچێوەی ڕاوێژەکان سەبارەت بە داهاتووی دامەزراوە کوردییەکان، "پێشنیازێکی لە ڕێگەی نێوەندگیری ئەمریکی تۆم باراکەوە ئاراستەی حکومەتی سووریا کردووە"، کە تێیدا هاتووە "حکومەت ئیدارەی دەروازە و سنوورەکان بگرێتە ئەستۆ بە شێوەیەک کە ئاسایشی ناوچەکە مسۆگەر بکات و بیپارێزێت".

ئاماژەی بەوەش کرد کە "هێزەکانی سووریای دیموکرات کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگری دیاری کردووە و لیستێکیش بۆ پەرلەمانتاران دیاری دەکەن".