پەیامی کورد ... سوپاس بۆ خودا سزای لەسێدارەدانی ووریشە مورادی بەندکراوی سیاسی کورد، هەڵوەشایەوە
سزای لەسێدارەدانی ووریشە مرادی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی سنە و یەکێک لە ئەندامانی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کە ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤین بەسەردەبا، هەڵوەشایەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای لەسێدارەدانی ووریشە مورادی، بەندکراوی سیاسی کورد، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ووڵاتەوە بەهۆی کەم وکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان دا هەڵوەشایەوە و بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە بۆ لقی دەرکەری سزا، واتە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بەڕێ کرایەوە.
موستەفا نیلی، پارێزەری ووریشە مورادی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئەکاونتی (ئێکس)ی خۆی نووسیویەتی: "دوای لێکۆڵینەوە لە داوای پێداچوونەوەی پەسەندکراو سەبارەت بە خاتوو ووریشە مورادی لە دیوانی باڵا، بەهۆی کەم وکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان (نەبوونی تێ گەیاندنی تۆمەت بنەمای دەرچوونی سزای سێدارە لە قۆناغەکانی دادوەری دا)، سزای دەرچووی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران هەڵوەشێنرایەوە و دۆسیەکە دووبارە بۆ لێکۆڵینەوە بۆ هەمان لق بەڕێ کرایەوە".