سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی ڕەخنە لە پشتگوێخستنی شاندی هاوبەشی کورد لەلایەن دیمەشقەوە دەگرێت

Dîroka Belavkirin :
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی ڕەخنە لە پشتگوێخستنی شاندی هاوبەشی کورد لەلایەن دیمەشقەوە دەگرێت
پەیامی کورد- قامیشلۆ... سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی ڕەخنە لە پشتگوێخستنی شاندی هاوبەشی کورد لەلایەن دیمەشقەوە دەگرێت

محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، دوێنێ دووشەممە ڕاگەیاند، پشتگوێخستنی شاندی هاوبەشی کورد لەلایەن حکومەتی کاتیی سووریاوە، "پشتگوێخستنی پێکهاتەیەکی سەرەکیی گەلی سووریایە".

ئیسماعیل، کە هاوسەرۆکی شاندی هاوبەشی کوردە و لە کۆنگرەی "یەکڕیزیی کورد"ەوە هەڵقوڵاوە، لە پەراوێزی ئەو ئاهەنگەی کە "ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد" لە قامیشلۆ بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا ڕێکیخستبوو، وتی: "شاندی هاوبەشی کورد نوێنەرایەتیی سەرجەم کوردانی سووریا دەکات و پشتگوێخستنی لەلایەن دیمەشقەوە، پشتگوێخستنی پێکهاتەیەکی سەرەکیی گەلی سووریایە".

هەروەها ڕوونیکردەوە: "تا ئێستا هیچ دانوستانێک لەگەڵ دیمەشق نەکراوە، ئێمە لەلایەن خۆمانەوە دەستی دانوستان و گفتوگۆمان درێژکردووە و خۆمان وەک ئۆپۆزیسیۆن ڕانەگەیاندووە، بەڵام دەسەڵات لە دیمەشق تا ئەم ساتەش باکی نییە، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک نە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە و نە لە بەرژەوەندیی سووریا".

محەممەد ئیسماعیل وتیشی داواکارییەکانی کورد لە دیمەشق ئەمانە لەخۆ دەگرێت: "کورد لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا بەشدار بن، پرسی کورد چارەسەر بکرێت و ڕێککەوتنێک لەگەڵیاندا هەبێت، چونکە ئەوان نوێنەرایەتیی پێکهاتەیەک دەکەن کە تایبەتمەندیی خۆی هەیە. بەبێ چارەسەرکردنی ئەم پرسەش، مەحاڵە سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکەدا بەدی بێت".

سەرۆکی "ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد" ئاماژەی بەوەش کرد کە شاندی هاوبەشی کورد تەنها نوێنەرایەتیی گەلی کورد دەکات و وتی: "تێکەڵبوونی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات بە وەزارەتی بەرگریی سووریاوە، بابەتگەلێکی تەکنیکین و کێشەی سووریا بە گشتی چارەسەر ناکەن، هەروەها کار بۆ چارەسەرکردنی گرنگترین پرس ناکەن کە پرسی گەلی کوردە".