پەیامی کورد- قامیشلۆ... مانگی سووری کوردی: هۆشداری دەدەین لە خراپبوونی بارودۆخی مرۆیی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب
مانگی سووری کوردی ئەمڕۆ شەممە، هۆشداری دا لە خراپبوونی بارودۆخی مرۆیی لە ناو گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، بەتایبەتی گەڕەکی شێخ مەقسوود، ئەمەش لە سایەی کەمییەکی زۆری دەرمان و لەکارکەوتنی نەخۆشخانەکاندا.
هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی ڕایگەیاند: "هۆشداری دەدەین لە تێکچوونێکی مەترسیداری بارودۆخی مرۆیی لە ناو گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، بەتایبەت شێخ مەقسوود، لەبەر کەمیی دەرمان و پەککەوتنی نەخۆشخانەکان."
هەروەها وتیشی: "دەسەڵاتدارانی سەر بە دیمەشق ڕێگرییان لە کاروانێکی پزیشکیی مانگی سووری کوردی کردووە کە بچنە ناو ئەو ناوچانە بۆ گواستنەوەی بریندارەکان و تەرمەکان دوای پێکدادانە خوێناوییەکان."
عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "مانگی سووری کوردی کاروانێکی پزیشکی ئامادە کردبوو کە لە ١٥ ئەمبوڵانس و نزیکەی ٤٠ کارمەندی تەندروستی لە پزیشک و پەرستاران پێکهاتبوو، لەگەڵ بڕێکی زۆر لە دەرمانی جۆراوجۆر، بە مەبەستی پڕکردنەوەی کەمیی خاڵە پزیشکییەکانی ناو شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی بریندارەکان تووشی کورتهێنان بوون."
ئاماژەی بەوەش کرد کە مانگی سووری کوردی لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵی داوە ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بکاتەوە، ئەوەش لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە لایەنە جیاوازەکان و ناردنی نامەی فەرمی بۆ فشارخستنە سەر حکوومەتی سووریا بۆ ڕێگەدان بە چوونە ناوەوەی کاروانەکە، "بەڵام هیچ وەڵامێکی فەرمیمان وەرنەگرتووە."
هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی وتیشی: "ژمارەی بریندارەکان لە ڕۆژی یەکەمی پێکدادانەکاندا گەیشتە دەیان کەس، کە چوار دانەیان دۆخیان زۆر مەترسیدار بوو."
ئەوەشی خستە ڕوو کە "ئەوکات هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری عەرەبیی سووری کرا بۆ گواستنەوەی بریندارەکان لە شێخ مەقسوودەوە بۆ شوێنێکی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بەڵام دواتر پێیان ڕاگەیاندین کە بارودۆخی ئەمنی ڕێگە نادات"، پێش ئەوەی یەکێک لە بریندارەکان ڕۆژی دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیان لەدەست بدات.
ئاماژەی بەوەش کرد کە کاروانەکەی مانگی سوور گەیشتووەتە ناوچەی "دێر حافر" و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار کراونەتەوە لە پێویستی کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی، "بەڵام داواکارییەکەمان ڕەتکرایەوە."
عەبدوڵڵا بارودۆخی گەڕەکی شێخ مەقسوودی بە "کارەساتبار بە هەموو مانایەک" وەسف کرد و جەختی کردەوە کە نەخۆشخانەکان بە تەواوی لەکارکەوتوون و دەرمان بە دەگمەن دەست دەکەوێت و بەشی چارەسەری بریندارەکان ناکات، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو گەمارۆیە درێژخایەنەی گەڕەکەکە پێوەی دەناڵێنێت و بە ئامانجگرتنی دوو نەخۆشخانە و پەکخستنیان.