پەیامی کورد- قامێشلۆ... وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد وەڵامی تۆماس باراک سەبارەت بە لامەرکەزیەت دەداتەوە
فەیسەڵ یوسف، سەرکردەی کورد و وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ENKS) دوێنێ شەممە، وەڵامی لێدوانێکی تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریای دایەوە، کە وتبووی لامەرکەزیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەلقان سەرکەوتوو نەبووە.
یوسف ڕوونی کردەوە کە بەڵگەهێنانەوەی باراک بە ئەزموونەکانی عێراق و یوگۆسلاڤیا و لوبنان، ڕاستییەکی جەوهەری و بەڵگەنەویست پشتگوێ دەخات.
وتیشی: "لامەرکەزیەت هۆکاری وێرانکارییەکە نەبووە، بەڵکو ئەو مەرکەزیەتە (ناوەندێتی) توندەی کە ڕژێمەکانی ئەو وڵاتانە پەیڕەویان دەکرد، هەروەها بێبەشکردنی گەلان لە مافە نەتەوەییەکانیان و ڕەتکردنەوەی دیموکراسی و فرەیی هۆکار بووە، ئەمانە بوونە هۆی قەیران و دابەشبوون کە تا ئەمڕۆش گەلانی ناوچەکە باجەکەی دەدەن، بەبێ ئەوەی تاوانەکانی ڕێککەوتننامەی سایکس-بیکۆ لە ناوچەکەماندا لەبیر بکەین".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "چارەسەر ڕوون و سادەیە: دیموکراسی، لامەرکەزیەت و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەلان تا کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن".
ئەوەشی خستەڕوو کە "نابێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕێگەچارە کۆنانەی کە شکستخواردنیان سەلمێندراوە، هەرچەندە گفتوگۆکان لە سوریا و وڵاتانی دیکە سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانی درێژە بکێشن".
لە کۆتاییدا وتی: "گومان لەوەدا نییە کە بەڕێز تۆماس دەزانێت سەرکەوتووترین ئەزموونەکان لە جیهاندا ئەزموونەکانی لامەرکەزیەتن، کە سەقامگیرییان پاراستووە و بوونەتە هۆی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی".